مەزڵوم كۆبانێ: کوردەکانی سوریا نایانەوێت جیاببنەوە و حکومەت و پەرلەمانی خۆسەری خۆیان ھەبێت
  2025-02-03        

مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بمێننەوە، كشانەوەیان کاریگەری لەسەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەبێت، هەروەها کوردەکانی سوریا نایانەوێت جیاببنەوە و حکومەت و پەرلەمانیان هەبێت وەک ئەوەی لە عێراقدا هەیە و "سوریا عێراق نیە و ڕۆژاڤاش هەرێم نیە"، دەشڵێت، "دەمانەوێت ببینە بەشێك لە وەزارەتی بەرگری سوریا و پێشنیازێكمان داوە و چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشقین".

ئاوێنە: مەزڵوم كۆبانێ، ئەمڕۆ دوشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی تازە دەستنیشانکراوی سوریا کۆبوەتەوە و هەردولا بە هاوکاری نێوەندگران دانوستان دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك سەبارەت بە داهاتوی سوریا، لەنێویاندا داهاتوی کوردەکان لەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بمێننەوە، چونکە بەكشانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سودمەند دەبێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەبێت". 

لەبارەی ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا، مەزڵوم كۆبانێ دەڵێت، "ڕوخانی ڕژێم هەنگاوێکی مێژویی بو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سوریایەکی نوێ بنیات بنرێت بەبێ ئەوەی حزبی بەعس یان ئایدۆلۆژیاکەی بگەڕێندرێتەوە، ئێمە دەمانەوێت پێکەوە سوریا بەرەو پێشەوە ببەین".

سەبارەت بە کۆبونەوەکەی هەفتەی ڕابردوی دیمەشق کە تێیدا ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی دەستنیشانکرا، فەرماندەی هەسەدە وتی، "ئێمە لەوێ ئامادە نەبوین و هیچ لێدوانێک نادەین". 

دەشڵێت، "ئەو بابەتە لەگەڵ ئێمە گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام دانوستان لە نێوان ئەو و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەیە و هەڵوێستی ئێمە لەسەر بنەمای ئەنجامی دانوستانەکان دەبێت".

مەزڵوم كۆبانێ باسی لەوەشكرد، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بەردەومە".

ئەوەشی خستەڕو، کوردەکانی سوریا نایانەوێت جیاببنەوە و حکومەت و پەرلەمانی خۆسەری خۆیان هەبێت وەک ئەوەی لە باکوری عێراقدا هەیە، خەڵکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیانەوێت کاروباری ناوخۆیی خۆیان لە دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا بەڕێوەببەن".

دەشڵێت، "سوریا عێراق نییە، باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاش، کوردستانی عێراق نییە".
 
لەبارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، مەزڵوم كۆبانێ دەڵیت، "لە بنەڕەتدا دەمانەوێت بەشێک بین لە وەزارەتی بەرگری و بەشێک بین لە ستراتیژی بەرگری سوریا، بەڵام هێشتا وردەکارییەکان پێویستیان بە گفتوگۆکردن هەیە و پێشنیارێکیان سەبارەت بەو بابەتە ناردوە بۆ دیمەشق و چاوەڕوانی وەڵامەکەین".

مەزڵوم كۆبانێ ڕونیكردەوە، "پێویستە لەدوای روخاندنی رژێمی ئەسەد، دەوڵەتێکی مەدەنی و لامەركەزی بونیاد بنرێت، کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەمو هاوڵاتیانی بکات، بەبێ ڕەچاوکردنی ئاین و رەگەزەیان".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×