سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر شەڕ دژی هێزە کوردییەکان و چەند پرسێکی دیکە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی سەردانی بەغدا دەکات.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکی تورکیا ڕایگەیاند، سبەینێ وەزیری دەرەوەی تورکیاسەردانی عێراق دەکات، لەبارەی هۆکاری سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەمەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر شەڕی دژ بەهێزە کوردییەکان و پرسەکانی ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
سەرچاوەکە وتیشی "فیدان لەگەڵ سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیر محەمەد شیاع سودانی و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و بەرپرسانی دیکەی عێراقدا کۆدەبێتەوە".
سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق لە کاتێکدایە، تورکیا داوای لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا کردووە چەک دابنێن، ئەوەش دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دێت.
هاوکات هەر ئەو سەردانەی ناوبراو لەنێوەندی هەوڵێکی سیاسییدا دێت لە تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێ دەیان ساڵەییەکەی وڵاتەکە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا.
جێی ئاماژەشە ڕۆژی پێنجشەممە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتەسەر هێزە کوردییەکان لە باکوری سوریا ئەوا ئەوە مەترسیدار دەبێت و خەڵکێکی زیاتر ئاوارە دەبن.