یەکگرتو: سکاڵای یاساییمان لەسەر وەزیری تەندروستی تۆمارکرد
  2025-01-12       152       

فراکسیۆنی یەکگرتو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، سکاڵای یاساییان لەسەر وەزیری تەندروستی هه‌رێم تۆمارکردوه‌، سەبارەت بەرزکردنەوەی نرخی تاقیگە و نەخۆشخانە حکومیەکان، ده‌شڵێت، "داوا له‌ دادگای به‌رایی هه‌ولێر ده‌كه‌ین بڕیارێك بدات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا بێت چونكه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ دژی خه‌ڵكه‌".

ئاوێنه‌: بوخاری جه‌میل، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ڕایگه‌یاند، "كۆمه‌ڵێك تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كۆمپانیای بیدكۆ ئه‌نجامدراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌واوی پێداویستییه‌كانی تاقیگه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان قۆرخكراوه‌ بۆ كۆمپانیاكه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ دابینی بكات، هه‌روه‌ها هیچ ستافێكی ناو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاگایان له‌و گرێبه‌سته‌ نه‌بوه‌، هاوكات خیتاب زه‌مانی بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ لێخۆشبون ده‌ركراوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌مو ئه‌و نرخانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ تاقیگه‌كان هه‌بون گۆڕانكاریان بەسه‌ردا دێت، ئه‌و گۆڕانكارانیانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دۆخی خه‌ڵك له‌ ئاستێكی خراپدایه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌ دادگای به‌رایی هه‌ولێر سكاڵایان تۆماركردوه‌ و ڕۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌دا دانیشتنێكی دادگا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كگرتو داوا ده‌كات كه‌ دادگای به‌رایی هه‌ولێر بڕیارێك بدات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا بێت چونكه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ "دژی خه‌ڵكه‌" و به‌پێی ده‌ستور ده‌بێت خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌بێ به‌رامبه‌ر بێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوسراوێكی نهێنی گرێبەستێكی 10 ساڵی لەگەڵ كۆمپانیاییەكی كەرتی تایبەت ئەنجامداوە بۆ دابینكردنی پێداویستی تاقیگەیی بۆ تاقیگەكانی تەندروستی لە كەرتی حكومی و ئەنجامدانی پشكنینەكان لەلایەن هەمان كۆمپانیاوە، هەروەها شایستەی دارایی كۆمپانیاكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستییەوە بەشێوەی مانگانە خەرج دەكرێت.

بەگوێرەی نوسراوێكی نهێنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ژمارە (4443) كە واژۆی د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی لەسەرەوە و لە مانگی (ئەیلول/9)ی 2024 دەرچوە و تێیدا، "ڕەزامەندی دراوە بە كۆمپانیایی بیدكۆ بۆ بازرگانی كەلوپەلی پزیشكی و تاقیگەیی بۆ دابینكردنی پێداویستی تاقیگەیی بۆ تاقیگەكانی كەرتی حكومی لە دامودەزگاكانی تەندروستی و ئەنجامدانی پشكنینەكان لەلایەن هەمان كۆمپانیاوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×