ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق ڕایگەیاند، توركیا بە دوای جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی درێژخایەندایە لە ناوچەكەدا، عێراقیش بە بەشێك لەم پڕۆژە فراوانكردنە دادەنرێت، بەڵام ڕێگە بەو داگیركارییە نادەن، هەروەها پێویستە حكومەتی عێراق هەڵوێستی هەبێت.
ئاوێنە: قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق سەبارەت بە هێرش و داگیركەرییەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت و دەڵێت: توركیا بە دوای جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی درێژخایەندایە لە ناوچەكەدا، عێراقیش بە بەشێك لەم پڕۆژە فراوانكردنە دادەنرێت، ئەنقەرە ماوەیەكی زۆر لەمەوبەر ئەم پڕۆژەیەی دەستپێكردووە، ئەوەش بە داگیركردنی خاكی عێراق و سەپاندنی كاریگەریی خۆی بەسەر ناوچەكەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ناڕاست هەوڵی فراوانكردنی پێگەی خۆی لە عێراق دەدات، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە هەوڵی داگیركردنی ڕاستەوخۆی خاكی عێراق دەدات، لە هەرێمی كوردستانەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەكانی دیكەی وڵات.
باسی لەوەشكرد، توركیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیۆپۆلەتیكییەكانی هەوڵ دەدات خاكی عێراق كۆنترۆڵ بكات، ئەمەش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە بۆ سەر سەروەری عێراق، دەبێت عێراق یەكگرتوو بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتە فراوانخوازانەی توركیا.
قەیس خەزعەلی حەق دووپاتی كردەوە، عێراق ڕێگە بە توركیا نادات، داگیركارییەكان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات، واتە: ئەمە بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت، خەڵكی عێراق بە هەموو چین و توێژەكانەوە لە بەرامبەر ئەم پێشێلكارییانەدا بێ دەنگ نامێننەوە، پێویستە حكومەتی هەڵوێستێكی پتەوی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركارییەكانی توركیا و پاراستنی سەروەری وڵات.