پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە پشووی زستانە هێنا، بڕیارە ئەمڕۆ كۆببێتەوە و خوێندنەوە یەكەم بۆ پێشنیاری هەموواركردنەوەی یاسای خانەنشینی بكات، هەروەها دەنگدان بۆ پێشنیاری هەموواری یاسای ڕێكخستنی بڕوانامەی زانستی عەرەبیی و بیانی دەكرێت.
ئاوێنە: بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆتایی هاتنی پشووەكانی زستانەوە و دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی و ناوەڕۆكی كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، کە تیایدا هاتووە، دوای زیاتر لە مانگێك لە پشووی زستانەی پەرلەمان كۆتایی بە پشووەكان هات و سەرەتای هەفتەی داهاتووش پەرلەمان دەست دەكات بە كۆبوونەوەكانی.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای ڕێكخستنەوەی خزمەتگوارییەكان لە فەرمانگەكان و موڵك و كەرەستەكانی دەوڵەت دەكرێت، هەروەها دەنگدان بۆ پێشنیاری هەموواری یەكەمی یاسای بەڵگەنامەی گەشتكردن دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاری هەموواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەنگدان بۆ پێشنیاری هەموواری یاسای ڕێكخستنی بڕوانامەی زانستی عەرەبیی و بیانی دەكرێت.
بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ١ـی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.