وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی بەغدا دەكات
  2025-01-09       144       

چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سووریا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەكات و لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی كۆ دەبێتەوە و چەند پرسێكی هاوبەش تاوتوێ دەكەن.

ئاوێنە: میدیا عەرەبییەكان لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری حكومەتی عێراق سەبارەت بە وادەی سەردانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سووریا بۆ بەغدا زانیاری نوێ بڵاودەكەنەوە.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، لە ئێستادا ڕێكخستن بۆ سەردانێكی چاوەڕوانكراوی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەغدا دەكرێت، كە بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بێتە بەغدا، لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەكەی و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەردانەكەی شەیبانی ئامانجی پتەوكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسیی و ئابووریی و ئەمنییەكانی نێوان بەغدا و دیمەشقە، لەگەڵ گرنگیدان بە كردنەوەی دەروازەكان و دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەردوو وڵات، جگە لە هەماهەنگی ئەمنی بەتایبەتی سەبارەت بە سنوورەكان.

لە ٦ـی ئەم مانگەدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سووریا، لە یەكەم سەردانی فەرمی خۆیدا سەردانی سعودییەی كرد، دواتر گەشتەكانی بۆ قەتەر، ئیمارات و ئوردن دەستیپێكرد .

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×