هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویکردەوە، مەترسییەکانی داڕمانی بەنداوی تشرین زیادبوون و دەبێت تورکیا بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت.
ئاوێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی تورکیا لە رێگای ئاسمانییەوە بەردەوامن لە بۆردومانکردنی بەنداوی تشرین لە چەند قۆڵێکەوە.
ئاشکراشیکرد، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان، ،مەترسیی داڕمانی بەنداوەکە زۆر زیاتربوون، هەر بۆیە دەبێت تورکیا بەرپرسیارێتیی داڕمانی بەنداوەکە و ناوچەکانی دەوروبەری و هاوڵاتییانی سنوورەکە لە ئەستۆ بگرێت.
بەنداوی تشرین، دووەم گەورەترین بەنداوی سووریایە دەکەوێت باشووری شاری کۆبانێ لە رۆژئاوی کوردستان و لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد هێزەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەناویشیاندا بەنداوەکەی دەستپێکردووە.
ئەگەر بەنداوەکە بڕووخێت، جگە لەوەی لە ناوخۆی سوریا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دروست دەکات، رێژەی ئاوی رووباری فورات بۆ پێنج مەتر بەرزدەکاتەوە، ئەمەش مەترسی ئاوبردنی رووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری رووبارەکە دروستدەکات.