حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی یاسای بودجە، پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بریتی بوە لە 20.9 ترلیۆن دینار، بەڵام حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستا 10.7 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردوە.
ئاوێنە: فەرمانگەی میدیاو زانیاریی سەربە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بریتی بوە لە 20.9 ترلیۆن دینار، بەڵام حكومەتی فیدراڵی تاوەكو ئێستا 10.7 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردوەو 10.2 ترلیۆن دیناری نەناردوە.
وتوشیەتی، واتە حكومەتی فیدراڵی تەنیا 6.4%ی لە داهاتی گشتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لە كاتێكدا بەگوێرەی یاسای بودجە پشكی هەرێم لە (12.6%)ە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو 10.2 ترلیۆن دینارە كە عێراق نەیناردوە بۆ خەرجییەكانی وەك تەندروستی، پەروەردەو شارەوانی، هێزی پیشمەرگەو دامودەزگاكانی حكومەت، خەرجییەكانی ژێرخانی رێگەوبان و راییكردنی مامەڵەكانی هاوڵاتیانەو وێڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ بەردەوام بوە لە دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانە بۆ هاوڵاتیان.