باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئێران كاتێك دێتە دی كە گوتاری بوژاندنەوەی بناغەی ئاسایش و سیاسەت و یاساو ئابوری لە سوریا زاڵ ببێت. دەشڵێت، عێراق دەتوانێت لە گفتوگۆكانی عەرەبی-ئیسلامیدا بۆ پاراستنی سەروەری سوریا، رۆڵی سەرەكی بگێڕێت.
ئاوێنە: محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتەیەكدا لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسدا رایگەیاند، دیارترین ئاڵەنگاری و هەڕەشەكان كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، بریتین لە شەڕی زایۆنییەكان لە غەززەو شەڕی قەوارەی زایۆنی لەدژی حزبوڵاو كەوتنی خێرای سوریا.
وتیشی، هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران پاراستنی سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی سوریاو تێكشكاندنی "داگیركەری زایۆنییە" لەو وڵاتە.
جەختیشی كردەوە، دەبێت حكومەتێكی گشتگیر لە سوریا پێكبهێنرێت كە سەرجەم پێكهاتە نەتەوەییەكانی سوریا لەخۆبگرێت و خەڵكی سوریاش لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی ئازادەوە ئایندەی خۆیان دیاری بكەن.
ئەوەشی خستەڕو، بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئێران كاتێك دێتە دی كە گوتاری سەرلەنوێ ژیاندنەوەی بناغەی ئاسایش و سیاسەت و یاساو ئابوری لە سوریا، زاڵ ببێت.
باڵیۆزی ئێران وتوشیەتی، دەكرێت گفتوگۆكانی عەرەبی-ئیسلامی رۆڵیان هەبێت لە پاراستنی سەروەری و ئاسایشی سوریادا و عێراقیش دەتوانێت رۆڵی سەرەكی لەو گفتوگۆیانەدا هەبێت.