ئاسۆس هەردی
ساڵی خوێندنی (١٩٧٦- ١٩٧٧) لە پۆلی سێهەمی ناوەندی بووم، لە ئاوارەیی دەژیاین لە ئێران. مامۆستای زمان و ئەدەبی فارسی، ژنێک بوو ناوی (خانمی ئەحمەدخانی) بوو. لە فەرەنسا خوێندبووی. مامۆستایەکی رۆشنبیرو خۆشەویست بۆ لای هەموومان. لە یەکەمین وانەی داڕشتندا پێی وتین: ئەمساڵ لەبری داڕشتن، کتێب دەخوێنینەوە. هەر یەکەتان حەفتەی داهاتوو چەند لە تواناتاندایە پارە بێنن، کتێبی پێ ئەکڕین. لە وانەی داڕشتندا کتێب دەخوێنینەوە. هەر کتێبێکتان خوێندەوە، کورتەکەیم بۆ بنووسن. لەسەر ئەو کورتەیە نمرەی داڕشتنتان بۆ دائەنێم.
هەر وایشمان کرد. پارە کۆکرایەوە. مامۆستا چاودێری پۆلەکەمانی راسپارد بڕوات کتێبی پێ بکڕێ. خۆیشی ناوی کۆمەڵێک کتێبی دایە کە دەبێ ئەوانەی بیر نەچێ. ئەوەی بیرم بێ، کە چاودێرەکە هاتەوە، کۆمەڵێک لەو کتێبانەی نەهێنابوو. کە مامۆستا لێی پرسی بۆ نەتکڕیون، وتی مامۆستا پێیان وتووم ئەوانە قەدەغە کراون!
بەهەرحاڵ، لەو رۆژەوە وانەی داڕشتن بوو بە وانەی کتێب خوێندنەوەو، نووسین لەسەر ئەو کتێبەی دەیخوێنینەوە.
یەکێک لەو کتێبانەی بەر من کەوت، کۆمەڵە چیرۆکێکی مەنسووری یاقووتی بوو، ناوی (گوڵی خاس) بوو.
چیرۆکەکە باسی پیاوێکی هەژاری ئەکرد ئەسپ و عەرەبانەیەکی هەبوو، کاسبیی پێوە ئەکردو بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دابین ئەکرد. ئەسپەکەی ناوی گوڵی خاس بوو. ساڵانێک بوو هاوڕێی بوو و لای خۆشەویست بوو. بەڵام پیر بوو بوو و لە مەرگ نزیک بووبۆوە. خەم و مەترسیی لەدەستدانی گولی خاس، تەنها لەوەدا نەبوو کە هەڕەشەی لە بەردەوامی بژێوی ژیانی خاوەنەکەی ئەکرد، بەڵکو خەمی لەدەستدانی هاوڕێیەکی دڵسۆزو خۆشەویستیش بوو کە پێکەوە ساڵانێکی درێژی تەمەنیان بە چەرمەسەری و رەنج و ماندووبوون بەڕێ کردبوو. لەلایەکی ترەوە، شارەوانی بڕیاری قەدەغەکردنی ئەسپ و عەرەبانە لەناو شاردا دەرئەکا. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا گوڵی خاس کە خۆی پیرو ماندوو بووە، وەک ئەوەی لە هەموو رووداوەکان تێ بگا، ماتو مەلوول ئەکەوێ و دواجار ئەمرێ. ئەمرێ و خاوەنەکەی بە تەنیاو بێدەرەتان ئەمێنێتەوە.
بۆ منێک کە سەرەتای ئاشنابوونم بوو لەگەڵ خوێندنەوەدا، چیرۆکەکان یەک لە یەک جوانترو چێژبەخشتر بوون. بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لای من سەرنجڕاکێش بوو، ناوی پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان بوو: کەژاڵ، فەرهاد، کامەران… هتد. لە رێگەی ناوەکانەوە پێی ئەوتین شوێنی رووداوەکان کوردستانەو پاڵەوانەکانیش کوردن. ئەمەیش لەو سەردەمەو لە ئێرانی رژێمی شادا، بۆ خوێنەرێکی گەنجی کوردزمان ئەوەندەی تر چیرۆکەکانی خۆشەویست و چێژبەش ئەکرد.
دوێنێ نووسەری ناسراوی کورد، مەنسووری یاقووتی کۆچی دوایی کرد.
مەنسووری یاقووتی لە رۆژهەڵات لە گوندێکی سەر بە کرماشان لە دایکبووە. لەسەر بیروڕاو نووسینەکانی زیندانی هەردوو رژێمی شاو کۆماری ئیسلامیی بینیوە. لەناو رەخنەگرانی ئەدەبی فارسیدا، بە چیخۆفی ئێران ناسراوە.
رۆحی شادو یادی هەمیشە زیندوو بێت.