فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی عێراق‌و سوریا دەکات
  2024-12-11       472       

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی عێراق‌و سوریای کرد، به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێكى (سێنتکۆم)، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە، جه‌ختیان لەبەردەوامیدان بەتێكشکاندنی داعش کردوەتەوە، وتوشیه‌تى:"دەستبەرداری هاوپەیمانەکانمان نابین".

ئاوێنە: ژەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سەردانی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لەتێکشکاندنی داعش‌و هێزەکانی سوریای دیموکراتی لەچەند بنکەیەکی سەربازیی لەڕۆژئاواى كوردستان کرد.

‏لەکۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەو هێزانە، ژەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا گفتوگۆی لەبارەی گۆڕانکارییە خێراکانی سوریا کرد لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێگریکردن لەداعش بۆ ئەوەی دۆخەکە بەدەرفەت وەرنەگرێت.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا پێداگرە لەشکستپێهێنان بەتیرۆریستانى داعش.

دوای سەردانەکەی بۆ سوریا، ژەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵاو جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەریق قەیس محەمەداوی کۆبوەوە.

به‌گوێره‌ى ڕاگەیاندراوێکی فەرمی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەو کۆبونەوەیەدا، ژەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆی هەماهەنگی دولایەنەیان کردوە لەگەڵ ئاسایشی ناوچەکەو گۆڕانکارییە خێراکانی سوریا، هاوکات لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعش دوپاتیان لەهاوبەشیی دوولایەنەی نێوان هێزەکانی عێراق‌و هاوپەیمانان کردوەتەوە.

هەر لەو سەردانەدا بۆ عێراق، کۆرێلا لەگەڵ لیوا کیڤن لیهی فەرماندەی هێزی ئەرکە هاوبەشەکان‌و ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین‌و تیمی تێکشکاندنی داعش لەعێراق‌و سوریا کۆبوەته‌وه‌.

‏مایکڵ ئێرک کۆرێلا باسى له‌وه‌شكردوه‌، پابەندن بەشکستپێهێنانی داعش‌و دەستبەرداری هاوپەیمانەکانمان نابین کە لەگەڵ سوریا دراوسێن، ئەوانیش عێراق، ئوردن، لوبنان‌و ئیسرائیلن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×