بافڵ تاڵه‌بانی: پشتیوانیی خۆمان بۆ خوشک‌و برایانمان لەڕۆژئاوای کوردستان دوپاتدەکەینەوە
  2024-12-10       542       

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە بەتەواوی ڕێز لەئیرادەی خەڵکی سوریا دەگرین‌و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتوی وڵاتەکەوە دەدرێن"، دەشڵێت، "لەم دۆخە هەستیارەدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانیی خۆمان بۆ خوشک‌و برایانمان لەڕۆژئاوای کوردستان دوپاتدەکەینەوە".

ئاوێنە: سه‌باره‌ت به‌ڕەوشی سوریا به‌گشتیى‌و ڕۆژئاواى كوردستان به‌تایبه‌تى، بافڵ تاڵەبانی سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوەو نوسیویه‌تى:"لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەوردی چاودێریی ڕوداوو پێشهاتەکانی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستانمان کردو بەبایەخەوە لەگۆڕانکاریی‌و کاریگەرییەکانی دەڕوانین، ئێمە بەتەواوی ڕێز لەئیرادەی خەڵکی سوریا دەگرین‌و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتوی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لەچوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوەو پێکهاتەکان‌و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە، هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بەسیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی‌و دادپەروەر بێتەکایەوەو داهاتویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەربکرێت".

لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، بافڵ تاڵەبانی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک‌و برایانمان لەڕۆژئاوای کوردستان دوپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بەیەکدەنگ‌و بەگوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین‌و ڕوبەڕوی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان‌و سەقامگیرییان".
 
ئه‌وه‌شى وتوه‌، "لەکۆتاییدا جەخت لەڕەچاوکردن‌و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەمولایەک بڕیاری دروست‌و ژیرانە بدەن‌و پارێزگاری لەئاشتی‌و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن، چونکە وەک پێشتریش وتومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەرنەکرێت، هیچ ئاشتییەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×