كەجەكە: توركیا بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم سوریایەكی دیموكرات و ئازاددا
  2024-12-09       1554       

كەجەكە بەبۆنەی كەوتنی رژێمەكەی ئەسەدەوە پیرۆزبایی لە هەمو گەلانی سوریا دەكات و رایدەگەیەنێت، لەو باوەڕەداین گەلانی سوریا پێكەوە سوریایەكی یەكسان، دیموكرات و ئازاد دادەمەزرێنن. بەڵام توركیا بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم ئەمەدا. دەشڵێت، بەبێ دان نان بە مافەكانی كورددا، سوریا بونی نابێت.

ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ئێستا بەداوەوە ئەو شتەی گەلانی سوریا بە ئاواتییەوەن، پێشکەوتنی سوریایەکی دیموکراسییە. لە نێو سوریاییەکی دیموکراسیدا هەمو گەلانی سوریا، پێکهاتە و لایەنە ئاینییەکان، زمانە جیاوازەکان، مەزهەب و کولتوری جیاواز پێکڕا، لە ئازادیی و یەکسانییدا بژین و لە سوریاییەکی لەم شێوەیەدا ئەگەری چارەسەرکردنی پرسەکان هەیە."

وتوشیەتی"گەلی کورد بە تێکۆشانەکانی ئەوەی نیشاندا کە هێزێکی دینامیکی ئەم دیموکراتیک بونەیە وەک کەجەکە هەڵوێست و تێکۆشانی نەتەوەیی دیموکراتیکمان بەردەوام دەبێت، بە بژاردەکردنی ژیانێکی لەم شێوەیە، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و پێکەوەژیان بنەمای ئەمەیە. لە بەرانبەر دەوڵەت-نەتەوەدا کە سەرچاوەی هەمو کێشەکانە، ئیمکانی چارەسەریی کێشەکان و پێکەوەژیان، یەکسانی، دیموکراتیک و ئازاد ژیانکردنی هەمو گەلان بە عەقڵییەتی نەتەوەیی دیموکراتیکە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەوڵەتی تورک ئاستەنگی و بەربەستێکی گەورەیە لە پێش سوریایەکی دیموکراتی و ئازاددا کە ئاواتی گەلە. بۆ ئەوەی ڕێگریی لە پێشکەوتنی ژیانی ئازاد و دیموکراتی لە سوریادا بگرێت، ماوەیەکی زۆرە لە هێرش و داگیرکردنی سوریادایە."

ئاماژەی بەوەشداوە"وێڕای ئەوەی ڕژێمی بەعس ڕوخاوە، هێشتا دەوڵەتی تورک لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیش هاوشێوەی ڕژێمی بەعس هەڵگریی عەقڵێتی دەوڵەت-نەتەوەیی تاکپەرستە. بە بەردەوامیدان بە هێرشەکانی ئامانجی درێژەدانە بە چەمکی دیکتاتۆری و سیستەمی تاکلایەنەیە لە سوریادا."

ئەوەشی وتوە"ئامانجی دەوڵەتی تورک بە تەنیا قڕکردنی کوردان نییە، لە هەمانکاتدا خواستی ڕێگریکردنە لە گۆڕانکاریی دیموکراتی لە سوریادا، درێژە بە سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیی تاکلایەن و تێگەی سەردەستی دەسپۆتیکە و هەمو گەلانی لە ژێر قڕکارییدا بژین."

كەجەكە وتوشیەتی"بەم ئامانجەوە دەوڵەتی تورک سوپاو و ڕێکخستنێکی بەناوی سوپای نەتەوەیی سوریا دامەزراندوە. هەم خۆی هێرش دەکات، هەمیش وادەکات بە دەستی سوپای نەتەوەی سوریا هێرشەکان ئەنجام بدرێت."

كەجەكە داوای لە هێزە دیموکراسیخوازەكانی جیهان كردوە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵوێستییان هەبێت. هاوشانی گەلی بەرخۆدێری کورد و گەلانی سوریا بن و پەرە بە هەڵوێستێکی بەهێز بدەن.

وتوشیەتی"دەبێت هەمو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە تایبەت گەلی کورد بەرخۆدانی بەهێز بکەن لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و سوپای نەتەوەیی سوریا، کە لەسەر ناوی دەوڵەتی تورک دەجوڵێنەوە."

جەختیشی كردۆتەوە "گەر زەمینەیەک بۆ بەرەپێشبردنی سوریای نوێ و دیموکراتیک پەرەی پێدرابێت، ئەوە لە سایەی ئەو تیكۆشانەیە کە لە لایەن گەلی کوردەوە پەرەی پێدراوە، نەک بە تەنیا لە سوریادا لە هەمانکاتدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێکە لە دەرکەوتنی پێشکەوتنێکی لەم شێوەیە و پێشەنگایەتی دەکات."

وتوشیەتی" گەر حەقیقەتی کورد نەبینرێت و دان بە مافەکانییدا نەنرێت ئەوا سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونی نابێت. بە دڵنیاییەوە دەبێت جێگەی کورد لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت."

لە كۆتاییشدا وتویەتی" پیرۆزبایی لە هەمو گەلانی سوریا دەکەین، لەوباوەڕەداین هەمو گەلانی سوریا پێکەوە سوریایەکی یەکسان، دیموکرات و ئازاد دادەمەزرێنن و داوا لە هەموان دەکەین لەسەر ئەم بنەمایە بجوڵێنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×