بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە؛ لە سلێمانی و گەرمیان بایکۆت بەردەوامە
  2024-12-08       238       

بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیانەوە، بایکۆتی دەوام لە سلێمانی و گەرمیان بەردەوامە و بەیانی ئەمڕۆش هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان كرد.

ئاوێنە: بەیانی ئەمڕۆ، هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی کارەکانی ڕاگەیاند و باس لەوەدەکەن، پێویستە حکومەت لە داهاتی ناوخۆ کورتهێنان پڕ بکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش بایکۆتی کارەکانیان راگەیاند و دەڵێن، تا مووچە دابەشنەکرێت دەست بە کار ناکانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سلێمانی و گەرمیان مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و دەڵێن، بە گیرفانی بەتاڵەوە ناتوانن هاتوچۆی دەوام بکەن و وانە بڵێنەوە.

بەدەر لەوانەش، بەشێکی زۆری فەرمانگەکان کارەکانی رۆژانەیان بایکۆت کردووە و مامەڵەی هاوڵاتییان بەڕێ ناکەن.

لە هەفتەی رابردووەوە بەغدا ٧٦١ ملیار دیناری وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر بە بیانووی ئەوەی پارەکە کەمە، دەست بە دابەشکردنی مووچە ناکات و چاوەڕێیە بەغدا پارەی دیکەی بۆ بنیرێت.

مووچەخۆرانی هەرێم لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ و لە مانگی ١٢دان، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی ١٠ یان وەرنەگرتووە و حکومەتی کاربەڕێکەریش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە، یان چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×