مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، بە بایەخێكی زۆرەوە بەدواداچون بۆ روداو و گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی سوریا دەكەن كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر چارەنوسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و تێكڕای ناوچەكە هەیە.
ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ڕوداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سوریا ڕودەدەن، چونکە ئەو پێشهات و ڕوداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چارەنوسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سوریا قوڵ بکاتەوە."
سەرۆكی پارتی وتوشیەتی"هەروەها ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت."