ئەمڕۆ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی لەدژی دواكەوتن و تەوتین نەكردنی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كردو دەستەی داكۆكی كە رێكخەری خۆپیشاندانەكەیە دەڵێت، دەسەڵاتی سلێمانی بەرپرسیارێتی تەوتینكردنی موچەی ئەم زۆنەی لەسەر شانە و ناكرێت دژی خواستی خەڵكی ئەم ناوچانە شوێن دەسەڵاتی نەزانی كابینەی نۆ بكەوێت.
ئاوێنە: لەمیانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانیدا، دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"پیلانگێڕییەكانی دەسەڵات رێگربون لە تەوتینكردنی موچە تا ئەمڕۆ."
ئەوەش خرایەڕو"خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دژی سەرهەڵدانەوەی بێ موچەیی و دزینی چەند موچەیەكی دیكەی كۆتایی ساڵ بە فیتی سەرانی دەسەڵات و وەزیری دیلیڤەری كە لە مانگی 12دا هێشتا نەیتوانیوە موچەی مانگی 10 دابەش بكات و قسەی باق و بریق و درۆی شاخدار بڵاودەكاتەوە لەگەڵ سەرۆكی كابینەكەی."
ئاماژە بەوەشدرا"دەستەی داكۆكی، بەرپرسیارێتی تەوتین نەكردنی موچە دەخاتە ئەستۆی ناشایستەو دۆڕاو و نەزانەكەی كابینەی نۆی هەرێم."
دەستەی داكۆكی ئەوەشی وت"لە سۆنگەی رازی نەبونی رەهای فەرمانبەرو مامۆستایان بە هەژماری بەدناوی شەخسی، دەسەڵاتی سلێمانی بەرپرسیارێتی تەوتینكردنی موچەی ئەم زۆنەی لەسەر شانە و ناكرێت دژی خواستی خەڵكی ئەم ناوچانە شوێن دەسەڵاتی نەزانی كابینەی نۆ بكەوێت."
جەختیش كرایەوە "چیتر رێگەنادەین چەند كەسێك لە كابینەی نۆ ببنە هۆكاری فەوتانی مافەكانمان. بۆ سەندنەوەی پاشەكەوت و پلەبەرزكردنەوەو لێدزینی موچەكانمان هەمو رێگە مەدەنییەكان دەگرینەبەر لەدژتان."
هەروەها لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژە بەوەشدرا "داواكاری ئێمە تەوتین و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵییە. لە رۆژانی داهاتودا وەكو دەستەی داكۆكی سەردانی بەغدا دەكەین چونكە دەبێت تەوتین بكرێت و بڕیاری دادگا جێبەجێ بكرێت و پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە و چارەنوسی ئەم سێ موچەیەی ئەمساڵ دیاری بكرێت."
دەستەی داكۆكی وتیشی"داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین بە موچەیەك و دو موچە نەچنە ژێر باری ئەوەی كە مافیان پێ نەدرێت و ئەرك بكێشن. داواتان لێدەكەین تا ئەو كاتەی موچەكانتان تەوتین دەكرێت نەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن."