سبەینێ لەم ناوچانە باران دەبارێت
  2024-12-07       1583       

پێشبینی دەكرێت ئێوارەی سبەینێ یەكشەممە، نمەباران و تاوە بارانێكی كورتخایەن ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و كەركوك بگرێتەوەو بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە كۆتایی پێ بێت.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە راگەیەندراوێكدا وتی، سبەی یەکشەممە، ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و لەئەنجامی حاڵەتێکی لاوازی ناسەقامگیری کەش لە باکوری دەریای سورەوە بۆ سەر ناوچەکانمان لە کاتەکانی ئێوارەوە لەبەشێکی ناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی بەشێوەی ناوبەناو ئەگەری چالاکبونی ھەورە بروسکە و چەند تاوێک بارانی کورتخایان ئەبێت و رێژەی بارانەکەش لەنێوان 1 بۆ 8 ملم ئەبێت لەھەندێ شوێنیش تەنھا نمە باران ئەبێت و ناوچەکانی دیکەی ھەرێم ناگرێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، حاڵەتەکە ماوەکەی کەم ئەبێت و بەرەبەیانی دوسبەی دوشەممە کۆتای پێدێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، پلەکانی گەرما لەرۆژدا بەجێگیری ئەمێنێتەوە و لەشەودا بەراورد بە شەوانی ڕابردو سەرماکە کەمدەبێتەوە و  پلەی گەرمی 3 بۆ 5 پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە.

هاوكات كەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا پێشبینی خۆی بۆ كەشوای ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەكشەممە خستۆتەڕو و ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما 1 تا 2 پلە بەرزدەبنەوەو سبەینێش لە كاتەكانی ئێوارەدا ئەگەری نمەباران هەیە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم و پلەكانی گەرماش نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 21، سلێمانی: 19، دھۆک: 20، کەرکوک: 21، ھەڵەبجە: 20، زاخۆ: 21، حاجی ئۆمەران: 11، سۆران: 17، گەرمیان: 25 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×