ڕۆژنامەیەکی عەرەبی دەڵێت، ناکۆکییە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رێگەیەکی پێچەوانەی گرتەبەر و بەرەو ئاڵۆزی زیاتر لەبری چارەسەر هەنگاودەنێت.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی عەرەب لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، ئەم ناکۆکیانە فشاری زیاتری خستووەتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە رووبەڕووی دۆخێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز دەبنەوە لە ئەنجامی نەدانى مووچەی فەرمانبەران و چارەسەرنەکردنی ئەو ناکۆکیانە.
ئەمە جگە لەو دۆخە سیاسییە هەستیارەى لە ئەنجامی سەختی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانییەوە سەرهەڵدەدات، ئەو هۆشدارییە ئەمنییانەی ناوچەکەش بەهۆی رووداوەکانی سوریاوە هێندەی دیکە بارودۆخەکەى گرژتر کردووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی بە بەرپرسیار زانی لەو ناکۆکییە داراییانەى دروستبووە، تۆمەتباری کردن بەوەی هیچ کام لە ئەرکەکانیان بەرامبەر بە حکومەتەکەی جێبەجێ نەکردووە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و گومانی خستووەتە سەر سیاسیکردنی پرسی دارایی و چارەسەرنەکردنى کێشەکانیان.