پەیامی مەزڵوم عەبدی لەبارەی دۆخی سوریا
  2024-12-06       949       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی سوریا رادەگەیەنێت و دەڵێت، كەناڵی پەیوەندیمان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام هەیە لەبارەی دۆخی هاوڵاتیانمان لە حەڵەب و گرنگە بەلامانەوە كە هێرشەكان ناوچەكانی ئێمە نەگرنەوە.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  هەڵوێستی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەبارەی دۆخی نوێی سوریا لەدوای هێرشەكانی دەستەی تەحریری شام و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی و كۆنترۆڵكردنی چەند شارێكی سوریا، دەخاتەڕو.

مەزڵوم عەبدی لە كۆنگرەكەدا وتی، بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیومانە بەشێك لە هاوڵاتییە ئاوارەكانمان لە گوندەواری باكوری حەڵەب دەربكەین و هەوڵەكانیشمان بەردەوامن بۆ دەركردنی ئەوانەی كە ماون.

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، 250 هەزار كورد لە حەڵەب لە مەترسیدان و جەختیشی كردەوە كە بەرگری لە دانیشتوانی "شێخ مەقسودو ئەشرەفیە" دەكەن كە دو گەڕەكی كوردنشینی حەڵەبن.

جەختیشی كردەوە كە دەبێت گەلی كورد دەست بە ناسنامەی خۆیەوە بگرێت لە حەڵەبی نوێ.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشدا، كەناڵی پەیوەندیمان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام هەیە لە پەیوەست بە دۆخی هاوڵاتیانمان لە حەڵەب و بەلامانەوە گرنگە هێرشەكان ناوچەكانی ئێمە نەگرنەوەو خوازیاری كەمكردنەوەی گرژییەكانین لەگەڵ هەمو لایەك.

هەروەك وتیشی، توركیا هەڕەشە لە منبج و چەند ناوچەیەكی دیكەی باكوری سوریا دەكات، هەوڵدەدەین كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەربكەین و لەمبارەیەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیاش لە هەوڵدان.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی، پێشهاتە خێراكان بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریاوە، بۆشاییان لە چەند ناوچەیەك دروست كردوە بەتایبەت لە چەند ناوچەیەكی دێرەزور، ئێمە رێوشوێن دەگرینەبەر بۆ پارستنی خەڵكەكەمان.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هەوڵە هاوبەشەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش بەشێوەیەكی بەهێزتر بەردەوامن.

فەرماندەی گشتیهێزەکانی سوریای دیموکرات داواشی لە حکومەتی سوریا کرد كە پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی ناوخۆی وڵات بدۆزرێتەوە.

وتیشی، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەمو لایەنەكان و پێویستە بەشداریمان پێبكرێت لە كۆبونەوە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە سوریاوە بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری نێودەوڵەتی ژمارە 2254.

مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕو، نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە پەیوەندیدان لەگەڵمان بۆ ئەوەی بەشداربین لە چارەسەری سیاسی بۆ سوریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×