شکۆفەی گەرمیان! شەپۆلی خەم‌و تراژیدیەکان‌و ڕەوتی پڕ لەژانی کارەساتەکان
  2024-12-05       335       

ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی

……………………….

ناسنامەو پێناسەی کتێبی : خوشکان و من !

١-ناوی نووسەر: ڕێزداربەیان ناسیح ، ساڵی ١٩٩٠ ی زاینی بڕوانامەی لیسانسی لە بەغدا، و ساڵی ٢٠٠٥ی زاینی بڕوانامەیەکی تری لە ئاستێکی بەرزدا لە ستۆک هؤڵم وەرگرتوە . بوارەکانی خوێندنی سەرکەوتووانە و چالاکانە بڕیوە و مرۆڤێکی ئاکادیمیک و خاوەن هەڵویست و ڕێز لێگیراوە.

٢-زمانی کتێبەکە : کوردیە و بەدیالکتی سۆرانی هزر و بیری خۆی نوسیوەتەوە ..نوسراوەکە خاوەنی فونیم ، سینتاکس ومورفیم و لە بواری شێوەی داڕشتن و رێزمانیەوە و بەکار هێنانی زمانی زگماکی دەوڵەمەند و لە بەر دڵانە ولە سوورە هەڵاڵەی لانزار دەچێت. بەتایبەت گوتارەکان لەوشەی غەیرە کوردی و بیگانە دوورن

٣-شوێنی لە دایک بوون : لە بنەماڵەیەکی ڕەنجدەری گوندی حەسار لە نزیک شاری کەرکووک ، لەدایک بووە

٤-ناوی باوک : ناسیح

٥-ناوی دایک خوشکان .

٦ئەندامانی بنەماڵە : باوک و دایک و چەندکچ و کوڕێکی تاقانە.

٧-هەڵوەدای خوێندن : بەیان ناسیح بەشوێن عیلم و زانستدا، بەرەو شاری کەرکووک کۆچ دەکات و لە بەغدا و پاشان لە تاراوگە و لەوڵاتی سوید وەک پەنابەری سیاسی دەگرسێتەوە . باسەکانی بەر تیغ و پەرژینی سانسور نەخستوە .

٨-کتێبەکە نۆ ٩ پاژ وکاپیتاڵە ، ١٧٥ لاپەڕەیە . پازدەی وێنەی مێژوویی ڕەش و سپی کتێبەکەی ڕازندوەتەوەو لە ئاخردا چاپ کراون .

٩- ژانری ئەدەبی : ئەم کتێبە چیرۆک نیە ، ڕۆمان نیە ،میتۆلۆژی وئەفسانە نیە وشانۆیش نیە ،بەڵام دیالۆگی نێوان زامەکانە .بەچاو پۆشین لە هەندی پێوەری ئەدەبیات ، و ئەگەر قووڵ دانەچین وەک مێژوویی یادەوەریەکان خۆی پێناسە دەکات . ١٠-کتێبەکەم لە پەراوێزێکی تەسکدا هەڵنەسەنگاندووە و ڕەوا نیە بە نیگای تەماوی و لێڵەوە چاو لە باسەکان بکرێت. خوێندنەوەی کتێبی (خوشکان و من) بە هەموو خوازیارانی دیموکراسی ، ئازادی و مافی ژنان پێشنیار دەکەم . بوێری و شەهامەتی نووسەر شیاوی حورمەت و شارایەک پێزانین و سپاسە. من لە پاڵێو و سۆزمەی وێجدانەوە، ڕوانگە ولایەنەجۆراجۆرەکانی کتێبەکەم هەڵسەنگاندووە . کە تژی لە زانیاری و شێوەی ژیانی دەڤەرێکی وڵاتی کوردستانە. لە هەمان کاتدا کتێبێکی بەنرخ و دەوڵەمەندە.باسەکان بەر دیوار و تیغی سانسور نەکەوتوون . بێگومان هیچ کەس ناتوانی ئەگەر بێەوێت لە نرخی بەرزی ئەم کتێبە داشکێنێت . و ناشزانم هزر و بیری جیاواز ، هەڵسەنگاندنەکانی من، لە تەرازووی بەراوردا بەرەو چ جێگایەکی نادیار دەبا . بۆیە بڕیاری نیهایی بۆ ویجدانی خوێنەرانی تێگەیشتوو و ڕێزدار جێدەهێڵم .

...................................................................

تان و پۆ کۆمەڵایەتیەکان :

١-لە ئاوینەی گوندێکی دەڤەری گەرمیان بە ناوی " حەسار " ڕاشکاوانە دێرۆک و مێژوویی تاڵی کۆمەڵگای سوننەتی و کلاسیک باس دەکات .

٢-پردی پەیوەندی و تۆڕی کۆمەڵایەتی گوندی حەسار بەربڵاو و، هەمیشە لە ڕووداوەکانی ناوچەکانی تر ئاگادار بووە .

٣-شارۆمەندانی حەسار لە گەڵ پێک هاتەی حیزبایەتی چەپی کلاسیک و سوننەتی ئاشنایەتیان هەبووە .بەڵام ڕەوتی نوێ و عەدالەتخواز لە بەرانبەر هێزی کۆنخواز و چەق بەستووی پیاوسالاری و داب و نەریتی کۆن ، ئەو جۆرە چاوەڕوان دەکرا فرەسەرکەوتوو بووە . بیر و هرزی فیئودالی و کولتوری کۆنخوازی لەم گوندەش وەک دەڤەرەکانی تری کوردستان بەهێز بووە و لەم پێڤاژەیەدا کچان و ژنان زەرەرمەندی سەرەکی پڕۆسەکەن .

 

سایکۆلۆژی و ترس و سام:

لە داستانەکانی دەشتی گەرمیان خەم ، ئازار، حەسرەت و هاوار زایەڵە و پژواکی ئاشکرای هەیە .باسەکان خۆیان بە سنووری دەرد و ئازار گەیاندووە و باس لە نیشتمانێک دەکەن کە لە چوار لاوە " ڕەشەبا" دەوری داوە . ئاین و ئاین زاکان ، سیستەمی جووتیاری و پیاوسالاری، بنەماڵە ، کولتوری بە جێماو لە مێژوو . لەسیدارەدانی گەنجان ،کۆچی زۆرەملی، ترس و سام لە دەسەڵاتی بەعسیەکان ، کونتڕؤلی جەماوەر لەخاڵی پشکنین ، مینە چنراوەکان ، بومبا بارانی فڕۆکەکانی داگیرکاران ،تاڵانی سەروەت و سامانی شارۆمەندی کورد ،ستەمی میللی و جنسی ، تەخت کردنی شارەدێ و گوندەکانی کوردستان ودوکتورینی کولە دیکتاتورەکانی رۆژهەڵاتی ناوین وفاکتورگەلی تر دەتوانن دەوری ڕەشەبا بنوێنن . چارەنووسی شارۆمەندان لە لایەن حکومەتی فاشیستی بەعسەوەلە نێوان مەرگ و ژیانی کۆلە مەرگیدا دیاری دەکرا و هەڵکەوتووە . لە هەلومەرجی ڕەشەبا دار و بەرد باوەش بە مەرگدا دەکات. نووسەر لێبڕاوانە و شێلگیرانە سواری سەری ترس و سام بووە و کۆدەکان و ڕمزەکانی شکاندووە . خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی نووسەر کە ژیانێکی تاقەت پڕووکێنی هەبووە ، هەرگیز تراویلکە نین .

 

ژینگە پارێزی:

٤-نووسەر سەبارەت بەژینگەی دەڤەرەکە خاوەن هەڵویستە و خاڵێکی پۆزیتیڤە. لەم سەردەمەدا تەنانەت زۆربەی حیزبەکان و ڕێکخراوەکان سەبارەت بە ژینگە پاریزی ڕاسپاردەکانیان فرە کز و لاوازە و یا لە دیاردەی ژینگە هیچ تێناگەن و یانازانن. نووسەر بە ڕاشکاوی ئاماژەی بە چؤڵ کردنی زۆرەملی دێهات و مانەوەی گیانلەبەران وەک سەگ و پشیلە و باڵندەکان کردووە کە لەداوی برسیەتی کەوتوون. لەگیا دەرمانیەکان، گیای خۆڕسک کەسروشت بەخۆڕایی پێشکەشی کردووە و لە بنار کێوەکان و دەشتەکانی گەرمیان لە لایەن دانیشتوانی حەسارەوە ، بەکار هاتون باس دەکات. دانیشتوانی حەسار لە زانستی ڕووەک زانی تاڕادەیەک ئەزمونی ساکاریان هەبووە.

 

پێڤاژەی گۆڕان:

١- کاردانەوەی شوێنی ژیان و شارنشینی لەسەر هەڵویست و ڕوانگەی نووسەر کارتێکەری هەبوە و لە سیستەمی فیکری نووسەر ئال و گۆڕی گەشە کردووی پێک هێناوە . نووسەر ڕچە شکێن و نوێخوازە و جیهانی کۆن و سوننەتی بەجێ دێڵێت و وەک ژنێکی پێشڕەو لە گەل زانستی مودێڕن و فیمینیزم ئاشنا دەبێت .

٢– نووسەر پەردە لەسەر دیاردەی یاسا نەنوسراوەکانی کۆمەڵگای ئیقتاعی ، کە پیاوان لەو بوارەدا خامەیان تاوداوە و نوسیویانە ، لادەبا . یاساکان ڕاستەوخۆ چارەنووس و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان و کچان تەحقیر و ئیهمال و ئازار دەدا . کۆی نوسراوەکان لە فناتیزم و دەمارگرژی دوورن. و بیر و هزری نووسەر کراوە و لە گەڵ ڕەوڕەوەی مێژوو و نویخوازی یەکانگیرن . شتی ورد باس کراوە بۆ نموونە تەڵاق دراو ، کە پاشگری" دراو " لە لایەن ژنانەوە نەگوتراوە و پیاوان دایاسەپاندووە.

٣-ئاماژە بە ڕەوتی گۆڕان لە گەرمیان کە فاکتۆرێکی سەرەکی کێشانی خەتی ئاسن لە ساڵی ١٩٤٧ ی زاینی لە شاری کەرکووک بووە ، دەکا . کە یارمەتی شاری کەرکووکی داوە تا لە شارێکی کلاسیک و سوننەتیەوە بەرەو شارێکی نوێ و مودێڕن هەنگاو هەڵگرێت. ئاسنەڕێ و قەتتار بەستێنی گەشەی دابین کردوە و ڕووناکی بۆ دانیشتوانی دەڤەرکە بەدیاری هێناوە .

٤- گوندی حەسار لە سایەی بیر و هزری مودێرن و پێشکەوتووی ئەو سەردەمە، خاوەنی چەشنێک لە کاری هەرەوزی وەک کرێنی تراکتور و کامباین ، دروست کردنی حەمام و هەبوونی سینەما بووە . کە ئاوێنەی ئاستێک لە نوێخوازی و ژیاری بووە . ڕەنجدەرانی گوند وەک کرێکاری ئیستگای قەتتار ، تارادەیەک لە پڕۆسەی بەرهەم هێنانی پیشەسازی و سەنعەتی کەوتوون. یەکێک لە فریاگەریی و هیمەتە بەرزەکانی دانیشتوانی حەسار و کۆبیری جەماوەری ،یارمەتی دانی هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی شاردنەوەی چەک و تەقەمەنی ، بەشداری گەنجان لە شؤڕش و پێشکەش کردنی نرخی خوێنین ،ئاوەدان کردنەوەی بنکەی پێشمەرگە بووە . کە پاشان سیستەمی بەعس کارەبای حەسار دەبڕن و لەو پێڤاژەیەدا حەسار تەخت ، کامباخ و کاول کراوە .دۆخی ژیان لە حەسار ، بەهۆی حکومەتی توتالیتری بەعسەوە بارگاوی و تاقەت پڕووکێن بووە . نەتەویی کورد وەک شارۆمەندانێکی شەپۆل شکێن، کە بە ئاشکرا کەرامەتیان پارێزراوە نەبووە ، لە بەرانبەر وەحشیگەری سیستەمەکان و حکومەتی بەعس بەرەنگاری و بەرخودانی نهێنی و ئاشکرایان کردووە.

 

کانیاوی هەزار نۆش :

نووسەر کاتێک لە نەخۆش خانە خۆێ دەبینیتەوە ،هیوا بڕ ، مات و مەلوول و سنوورەکانی هیوای لێڵ و تاریک دەبن . بەشێوەیەکی نادیارو لە ئارشیوی مێشکی لە دایکی ئیلهام و یارمەتی ڕۆحی وەر دەگرێت . بێگومان "خوشکان " کانیاوی هەزار نۆش و میهر و دلۆڤانی وسۆز ویارمەتیەکانی بە نیسبەت مندالەکانیەوە لە ئاستێکی باوڕ پێنەکراو و لە چڵە پۆپەدابووە . داخی داخانم نموونەی خوشکان لە وڵاتی کوردستان زۆرن بەڵام هێشتا هەر گومناون .

 

ڕاسپاردە و پەیامە کۆمەڵایەتیەکان :

نووسەر لە بواری فێر کردن و بارهێنان و دیاردەی پێداگۆگییەوە ڕاسپاردەی چاکی بۆ باوکان و دایکان پێشنیار کردووە ، و هاوار بۆ ئاشتی و دادی کۆمەڵایەتی دەکات، کە شیاور ڕیز و حورمەتن . پەیام و ڕاسپاردەکان لە شانە هەنگوین دەچن. باوڕی وایە شۆخ و شەنگی ژنان لە بەستێنی فولکلور وستران و گۆرانی کوردی ، لێواولێوە لە تاریف و پیا هەڵدان و ئەڤین. لە لە ترازووی هەلسەنگاندنی نووسەر بەپێگەی کۆمەڵایەتی ژنان سوکایەتی کراوە . ئەگەر چی لێدان و ئازار و شکاندنەوەی قوتابی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باوە ، ئەمما نووسەر ئەم فینۆمنە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ڕووخێنەری بارهێنان و پەروەردە ناو دەبات . کە لەسەر باری سایکۆلۆژی قوتابی شوێن دانەرە ،و کوان و برینێکی نەبینراو لە سەرجەستەی قوتابی دەخولقێنێت . خەسار ناسی ئەم کارەساتە لە لایەن پسپۆران و شارازایانەوە فرە پێویستە .

 

هەڵویستی بەنرخی بنەماڵە :

ژیان لە دوو فەزا و ژینگەی شار و دێ ، بۆ کچێکی گەنجی پێگەیشتوو ئاسان نەبووە . بەڵام هەڵویستی بە جێ و ڕیزلێگیراوی دایک و باوک سنوورێکی بەر بڵاویان بۆ فڕینی پەرەسێلکە ( بەیان ) لە بەر چاو گرتوە . کە هات و چو و ژیانی خوێنکاریکیان لە کەرکووک بۆ ئامادە و دابین کردووە . ئەم هەڵویستە لە کۆمەڵگایەکی داخراو و سوننەتی ڕچە شکاندنە . ئەگەر چی شەپۆلەکانی فێمەنیزم لە هەڵکشان و داشکاندایە و تا ڕادەیەک لە جیهاندا گەشەی دڵخوازی کردووە ، بەڵام ستاتوس و بارودۆخی حوزووری ئاکتیڤی ژنان هێشتا گرفت و کۆسپی سیاسی - کۆمەڵایەتی هەیە و سیستەمە کان خولقێنەری نادادی و چەوساندنەوە و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی و هیژمونی سیاسی ژنانن . باوکی بەیان خان ، ڕێزدار کاک ناسیح بەڕاشکاوی دەڵێت : " هەر کچێکم بەسەد کوڕ ناگۆڕمەوە ! " و دایکی ژیر بێژانە دەڵێت : ئەگەر کەسی تر کوڕی دەبێتە قوربانی ، بامنیش کچێکم ببێتە قوربانی! . ڕاسپاردەو پەیامی دایک و باوکی بەیان خان ، ئومانیستی و مرۆڤدۆستانەیە . و راستەوخۆ قەڵای هزر و بیری پیاوسالاری کامباخ و وێران کراوە و شیاوی حورمەو پێزانینە .

 

فولکلور و دەریای زمانی زگماگی:

لە کتێبی خوشکان و من ،ئاماژە بە ئەدەبیاتی جەماوەر و فولکلوری کوردی و لاوک و حەیران و ستران کراوە . دەسەڵاتی زمانەوانی و شارەزایی و پسپۆڕی نووسەر جێگای قەدەردانیە . لە کتێبی خوشکان و من لاوکێک چاپ کراوە کە فرە دڵگیر و لە گوڵی بۆنخۆشی نێو پەرژینی باخان دەچێت .

 

توێژی گەڕۆکی کۆمەڵگای کوردەواری :

لە کۆمەڵگای کوردستان، لایەنگرانی ئاین و ئاین زاکان و زمان و دیالکتەکان و پێک هاتەی جیاواز وجودی هەیە و لە فەرشی رەنگین دەجێت ، کە پێکەوە لە ئاشتی و تەبایی دەژین. نووسەر ئاماژەی بە " قەرەج "توێژی گەڕۆکی باشوری کوردستان کردووە . کە بێماڵانی گەڕۆکن وژیانێکی سەخت و "خۆش نەژین" یان هەیە . لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قەرەچی ناسراون .پێ دەچیت لە بنەڕتدا ئەم خەڵکە لە دەڤەری ( کەراچی – قەرەچی ) پاکستانەوە بەرەو ئێران و پاشان کوردستان کۆچیان کردبێت و لە نێو دانیشتوانی بەشە جیاکانی کوردستان ئاسیمیلە و توابنەوە و ژیاننێکی دیاسپۆڕایان بەسەردا سەپابێت . چونکو قەڵافەت ،سیما ، چاو و قژی ڕەشیان ،شێوە وئاوێنەی دەیان ڕاز و نهێنی شارۆمەندانی پاکستان نیشان دەدەن.

........................................................................

ئایا ئەم خاڵانە خوارەوە وەک خاڵە پۆزیتیڤەکان شیاوی پۆلبەندین؟ پێویست بوو ئانالیز و شی کرێنەوە .

١-نووسەر بە فاکتۆرێکی زۆر بە هێز و کارتێکەر کە چارەنووسی پێک هاتەی کۆمەڵگا دیاری دەکا ، ناڕاستەوخۆ ئاماژەی کردووە .ئەم فاکتۆرە قۆناغی گیان سەخت و تەمەن درێژی فیئودالی و ئیقتاعیە. ئەم ڕەوتە لە لایەن حکومەتی بەعسەوە بە هەزاران شێوە و ڕاستەوخۆ یارمەتی دراوە تا کۆمەڵگای کوردستان هەر لە دوواکەوتوویی و لە نێو داب و نەریتی کۆن و داڕزیو و دوور لە ژیاری نوقم بێت و بمێنیتەوە و کۆمەڵگا گەشە نەکات . بێگومان دوو حیزبی سەرەکی باشور ج یەکێتی و چ پارتی و بگرە ڕەوتی کۆنخوازی ئیسلامیش نەیانتوانیوە بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆمەلگای کوردستان لەم قۆناغە دەرباز کەن و بەرەو کۆمەڵگای سەرمایەداری و بورژوازی پاڵی پێوە نین و هەنگاو هەڵگرێت . و ڕێکخراوەکانی باشور لە بواری فەرهەنگی و کولتوری وبونیادنانی پێک هاتەی مودێڕن هەر کۆنخواز و کارتێکەریان زۆر کز و لاوازە . دەستەواژەکانی فەرهەنگی کۆمەڵگای گەشە نە کردوو وەک : پیاو ماقووڵان ( یانی ژنان ناماقووڵن ) ، دیوەخان ، موختار ، زروف ، سوتفە ، عەلاکولی، یەعنی ئەحنە وعەشیرەت لە نوسراوەکانیان و لە ماسمێدیا شەپۆل دەدات. ئەگەر چی ڕەوتی گەشەی کۆمەڵگا، پێویستی بە هەل و مەرج و بارودۆخی گونجاو و لە بار، وەک گەشەی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، سیاسی ، سەر خان و ژیر خانی پێشکەتوو هەیە ، تا بتوانی نە بەخێرایی دەورانی فیئودالی جێبهێڵیت و بەرەو دەورانی سەرمایەداری و بورژوازی هەنگاو هەلگرێت و تێپەر بێت ..دەکرێ بڵێن سیستەمی بەعس و حیزبەکان دەورێکی کارامەیان لە پێڤاژەی گۆڕانی کۆمەڵگای کوردستان نەبووە . قەڵاچو و کوشتاری ژنان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت لە باشور ، سەلمێنەری کۆمەڵگایەکی ڕچاو ،داڕماو ودواکەوتوە . بە پێوەرەکانی ئابوری کۆمەلگای باشور بەرخۆرە و هەم بەعس و هەم حیزبە تان و پۆ ئاوریشمەکانی باشور ، باشوریان لە بەرهەم هێنانی گەورە و چکۆلە مەحرووم کردووە . شارۆمەندی خەباتکاری باشور کە سەریان بۆ دیکتاتوری بەعس دانەنواند، ئێستا چاوەڕوانی خواردەمەنی کات بەسەر چووی ئیران و تورکیان. دەشتەکانی شارەزوور، هەولێر ، شارباژێڕ و کەرکووک لە دشتەکانی ئامریکا بەبەرەکەت ترن .

٢-لە پێشەکی کتێبەکەدا و بە مەبەستی ناساندنی کتێبەکە بە خوێنەران، ڕێزدار ڕووناک شوانی ئاماژەی بە زمانی ژنانە کردووە . ئایا دەتوانین لە بواری زمانەوانیەوە. زمانی کوردی بە پیاوانە و ژنانە دابەش کەین ؟

٣- هیوادارم وەک پێشنیار ئالتیرناتیڤی هەندی وشەم لێ وەرگرن . لە باتی : کومپاس( قوتب نما) و پێکۆڵ( مکوڕ- شێلگیر ) و یاریی کڕیبوو ( ئامێری یاری کڕیبوو) ، پاروویەکی بۆ دەکردم ( پاروویەکی بۆ دروست دەکردم ) قوتابخانەی حەساری گەورەی سەرەتایی تێکەڵاو ( قوتابخانەی گەورەی سەرەتایی تێکەڵاوی حەسار ) و کۆنەپەرەستی ( کۆنەپارێزی ) و ژنێکی جیڕ ( ژنێکی لاسار ) و چوونە دەرم بۆ کرا ( چوونە دەرم بۆ نوسرا ) وناوی مانگە کان کەبە کوردی هەیە ، گونجاو تر و لۆژیک ترن ، ئەگەرچی پێشنیارەکانم لە ستاتوسی کتێبەکە, هەرگیزکەم ناکەنەوە .

٤-دارشتنی و ڕیزبەندی هەندی لە دێڕەکان ، یاسا و ڕێسای زمانەوانی ، و لە بیر جونی پیتەکان ناتوانن وەک خاڵی پۆزیتیڤ پۆلبەندی کرێن . وا دەفامرێتەوە پڕۆسەی کونتڕؤل و پێداچونەوە وبژارکردن و هەڵە چنین لە ئاستێکی بەرزدا نەبووە و پێویستی بە هەموار کردن و دەسکارییە.

٤- هەڵەی چاپی لە لاپەڕەکاندا : هەوەڵ وشەکە ولە پالیدا،ژمارەی لاپەڕەکە نوسراوە.

جیاوزییە ٢٧ بپارارێزن ٣٧ دەسەڵا ٤١ چیرۆکەکانیانیان ٤٦ کێشەکاان ٤٩

خێش٤٩ دیارەدە ٥٠ بڵام ٥١ سەر بە خؤد ٥٤ نیوەی ٥٤ ئوزموونی٦٧

یەکێککیان ٦٩ دەدن ٧٦ ساڵی ١٩٨٩ ر ٧٩ مام خوشید ٨١- هانتی قەرەجەکان٨٢ پۆل ؟ ٨٦ بەرکردەوە ١٠٥ پڕیاریکی ١٠٦خوشکم و ١٠٩ م ە گەر ١١٨سێکانانیان ١٢٣ سەر گورشتەکانی ١٢٥ خێشی ١٢٦ کەمێکێکیتر ١٢٧ دەکر ١٣٨ ئەنجا دەدا ١٣٩ دەکر ١٣٨پڕ کردنوەی ١٤٠ دەکوژرێتا ١٥١مافەسەرەکیاکانی ١٥٢بوون بوو ١٥٣ لە بەردەمتایە ١٥٩ دەکەوێنێتە ١٦٣

................................................................... 

زانیاری پێویست سەبارەت بە دەستەواژەکان:

Hypocrisy , Metoo, , pornography ,kompass, Collective ,

Bachelor ( License ), Analyze ( analysis ), Fenomen ,Norm . Diaspora. Feminist

١-هیپۆکراسی : دووڕوویی سیاسی

٢- می تۆ : منیش هەروا ، منیش لە گەڵم .

٣-پۆڕنۆگرافی : نیگار ، فیلم و نوسراوەی هاندەر لە بەستێنی بواری سیکسیدا .

٤-کومپاس : قوتب نما

٥- کولیکتیڤ : کشت و کاڵی جەمعی و هەرەوزی .

٦-لیسانس : بڕوانامە کە هەمان بەکالۆریە و، خوێندکار لە زانستگا وەری دەگرێت

٧-ئانالیز : لیکدانەوەی ورد و جیا کردنەوەی زانستی ، یەکاڵا و شی کردنەوە

٨-فینۆمن : دیاردە

٩- نورم : پێوەر ، ستاندارد ، چوار چێوە ، مودیل، یاسا

١٠--دیاسپۆرا : پرژ و بڵاو بونەوەی نەتەوەیەک لە ئاستی جیهاندا کە نموونەی مێژوویی دوو نەتەوە ی کورد جوولەکەن ۱۱_ڤیمینیست : لایەنگری لە مافی ژنان

١٢-ئاسیمیلە : توانەوە لە کۆمەڵگایەک کە گۆڕانی فەرهەنگ ، کولتور و زمان لە ئاکامەکانیەتی.

١٣-هیژمونی : دەسەڵاتی سیاسی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×