زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەبارەی شەڕەكەی ئەمڕۆی نێو زانكۆكە رایگەیاند، خوێندكارێك برینداربوەو زانكۆكەیان رێكاری كارگێری و هەروەها پۆلیسی سلێمانیش رێكاری یاسایی بۆ سزادانی سەرپێچیكاران گرتۆتەبەر.
ئاوێنە: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی"ئەمڕۆ لە کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی چوارچرا، شەڕ و دەمەقاڵێیەک لە نێوان دو خوێندکار ڕویدا و بوە هۆی برینداربونی خوێندکارێک."
ئاماژەی بەوەشداوە "وێڕای خواستنی هیوای زو چاکبوونەوە بۆ ئەو خوێندکارەمان، دەمانەوێت بە هەمولایەکی ڕابگەیەنین، کە زانکۆمان پاڵپشت بە یاسا و ڕێنماییەکان، ڕێکاری پێویستی کارگێڕی گرتۆتەبەرو لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکانیش بڕیاری دروست دەدات."
زانكۆكە وتوشیەتی"سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەکەین سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بۆ سزادانی سەرپێچیکاران."
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن كردوە پیشەیی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکە بکەن و لە قەبارەی خۆی گەورەتر نەکرێت و بابەتەکە بەلاڕێدا نەبرێت.