بەرپرسێكی ئیماراتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، پێشوازی لە ئارین مەسرور بارزانی كردوە كە سەرۆكی یەكەی هاریكاری وڵاتانی كەنداوە لە حكومەتی هەرێم.
ئاوێنە: لەتیفە بن محەمەد بن ڕەشید ئالمەکتوم، سەرۆكی دامەزراوەی ڕۆشنبیری و هونەری دوبەی و ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی دوبەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس وتویەتی"خۆشحاڵ بوم بە دیدارم لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی، كوڕی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق و سەرۆكی یەكەی ئەنجومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە حكومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان."
بەپێی وێنەكان كە لەلایەن ئەو بەرپرسەی دوبەیەوە بڵاوكراونەتەوە، وەفدەكەی حكومەتی هەرێم كە لەگەڵ وەفدێكی دوبەی كۆبونەتەوە، لە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمدا ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەبینرێت.
لەتیفە بن محەمەد ئالمەكتوم، لەبارەی دیدارەكەوە وتویەتی، باسم لە كارە پێشەنگەكانی ئیمارات لە بواری پەرەپێدانی كاری حكومیدا بۆ وەفدەكە كردو تاوتوێی هاریكاری هاوبەشی نێوان هەردولامان لە بواری كولتورو مەعریفە جۆراجۆرەكاندا كرد.
لەلای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح، كە سێ خولە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە لە فەیسبوكی خۆی نوسیویەتی"ملازم ئارین مەسرور بارزانی، بەرپرسی یەکەی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئایا ئەم یەکەیە لە میلاکی حکومەتی ھەرێم ھەیە؟ ئەگەر ھەبێت کەی دامەزراوە؟ مەبەست لە دامەزراندنی چییە؟ بەکام یاسا دامەزراوە! بۆ ئارین دانرا! بەکام ئەزمون و ساڵی خزمەت!"