كاته‌رینا بیێرڤاڵ، پایزی 2024
وه‌رگێڕانی: گۆران مه‌ریوانی
هاوینێك، ماوه‌یه‌كی زۆر لهمهوپێش، له سه‌فه‌رێكدا بۆ به‌شی توركیا-كوردستان من و هاوڕێكانم تووشی فهرشفرۆشێك، مه‌مه‌د، بووین. زانی ئێمه سوێدین به شه‌رمه‌وه وتی: ئه‌ز گه‌لێ حه‌زم له سوێده. چما، ئێمه به ئاگاوه پرسیمان، ده‌شێ نێوبانگی كیژه سه‌رنجڕاكێشه سوێدییه‌كانی بیستبێ. به فرهگهلێ هۆ، وه‌ڵامی داوه. ئیتر ئێمه له‌وێ، له تاریكی دڵته‌نگی فهرشفرۆشییهكهیدا، دانیشتین و؛ ئیستیكان له دوای ئیستیكان، چامان ده‌خوارده‌وه، هێدی هێدی حاڵی بووین بابه‌ته‌كه په‌یوه‌سته به سیاسه‌ته‌وه. چوون سوێد بۆته په‌ناگه‌ی فرهگهلێ له سیاسهتهوانی ئه‌كتیڤی كورد. محه‌مه‌د ته‌نێ نییه له‌نێو ئه‌وانه‌ی ئێمه پێیان ده‌گه‌ین و به دڵگه‌رمییه‌وه بیر له سوێد ده‌كه‌نه‌وه. خانه‌واده‌یه‌كی تر ئاره‌زومه‌ند بوون بۆ شێو، ئێواره له دوای ئێواره، له زیافه‌تی وان‌دا بین، ''وه‌ك سوپاسێك به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ی سوێدییه‌كان بۆ كوردیان كردوه''. كه‌سێك، كه چووینه سه‌رباسی كوشتنی ئۆڵهف پاڵمێ، كه‌مێكی مابوو له پڕمه‌ی گریان بدات. په‌یوه‌ندی سوێد به كوردستانه‌وه – ئه‌و ناوچه كوردیانه‌ی ئه‌مڕۆ توركیا، ئێران، عێراق و سوریا- پێكدێنن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ورانێكی دوور، وه‌ك كتێبی قه‌به و گرانی (ڕۆهات ئاڵاكوم)* نیشانی ده‌ده‌ن: '' په‌یوه‌ندیه‌كانی سوێد-كورد به درێژایی هه‌زار ساڵ''. هه‌ر له سه‌رده‌می ڤایكینهكانهوه، زیاتر به دروستی به ئاماژه پێدانێك كه له پێشباسی كۆ-یاسی ڕۆس-ـاندا دیاره*، ئه‌وان له ڕه‌وشی هێرشه تاڵانكارییهكانیاندا له قه‌فقاس تووشیان به كورده‌وه ده‌بێت. پاشان كوردستان به درێژایی ده‌ورانی چه‌ندان سه‌ده، ڕۆژ له دوای ڕۆژ، ده‌بێته ناوچه‌یه‌كی زیاتر ستراتیژی گرینگ. ساڵی 1709 نێوی شوێنه‌كه {كوردستان} له دۆكۆمێنتێكی سوێدیدا ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌كرێت ئه‌مڕۆ له ڕوانگه‌ی جوگرافییه‌وه ئاماژهپێدانێكی ئاوها له‌كن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ناوچانه هێڵی سوور بێت، له ناویاندا، توركیا، چوون ئه‌وان ده‌بێژن كوردستان بوونی نییه، به‌ڵام {پاشا} كاڕڵی دوازده بێ هیچ پێچوپه‌نایه‌ك ناوه‌كه (=كوردستان) چوون خۆی له نامه‌یه‌كدا بۆ سوڵتانی وه‌سمانلی ده‌نووسێت:
كۆمه‌ڵێك سوێدی به‌ڕێوه‌ن سه‌فه‌رێك بۆ كوردستان ڕێكبخه‌ن: شرۆڤه‌كار، دیپلۆمات، ئهفسهرگهل و مۆسونێر (=موژدههێنهر). چه‌ند ڕۆژنامهوانێكیش نێردراو له جۆڕناڵی خێزانی سوێدی-ـه‌وه* له‌لایه‌ن سه‌رۆك ئێڵێكی كورده‌وه پێشوازی و میوانداریهكی گه‌وره‌یان لێ ده‌كرێت. تاوڵی تایبه‌ت به خۆیان بۆ هه‌ڵده‌ده‌ن، كه له ناوه‌وه به قوماشی سوور و بالیف و لێفه‌ی نایاب ڕازێندراوه‌ته‌وه و، به شیلكه مه‌ڕێكی یه‌كپارچه بر‌ژاو، ناوبۆشی پڕ له فستق ئاخێنراو، زیافه‌ت ده‌كرێن. هێنده نابات هاوسۆزی له‌ته‌ك كورده‌كاندا دیاری ده‌دات. دیپلۆماتێكی سوێدی له كۆنستاتنتیپۆڵ، ئه‌وڕۆی ئه‌سته‌مبۆڵ، ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی كاری حه‌مباڵه كورده‌كان بۆ وڵات (=سوێد) ده‌نووسێت '' ده‌با پشتی گایه‌كی پشكانابا'' كه‌چی سه‌رباری ویش تا ئێوارانێكی دره‌نگ به ''نه‌رمی و ڕۆحسوكییهوه كه ئێمه‌ی دانیشتووانی جه‌مسه‌ری باكور ده‌حه‌په‌سێنێت، سه‌ماده‌كه‌ن''. مۆسۆنێریش، (خانم) ئێلین سوندبێری ڕاپۆرت له كوردستان- فارس ده‌نێرێت كه گونده‌كانی ئه‌وێ له سه‌وزایی بێ به‌ریین. بۆچی ئێوه دارودره‌خت ناڕوێنن، خانم له سه‌رۆكی ئێڵ ته‌یمور به‌گ ده‌پرسێت. ''بێ هوده‌یه، چوون ئه‌وڕۆ ده‌كرێت ئێمه لێره بین، به‌ڵام سبه‌ی ده‌شێت گونده‌كانمان كاول بكرێن''، وه‌ڵام ده‌داته‌وه. یه‌كه‌م په‌ناخوازی كورد* 1929 دێته سوێد. سوله‌یمان حه‌وت ساڵانه ده‌مێ خۆی و خێزانی ناچار ده‌كرێن له گونده‌كه‌یان له كوردستان- توركیا هه‌ڵبێن. به پا. گه‌ڕۆك له هه‌ڵهاتندا به ئازربایجان، جۆرجیا و ئۆكرانیادا ده‌ڕۆن و خێزانی له ده‌ست ده‌دات. تا ئه‌م خاڵه ده‌كرێت قه‌ده‌ری ئه‌و له دۆسییه‌یه‌كی ئێستای ده‌زگای كۆچ له 2000- (دوو هه‌زاره‌كاندا) بهاتبایا، به‌ڵام ئه‌و ده‌گاته (دێكۆنی سوێد). گوندێكه له نزیك ڕوباری دنێپر-ئۆكرانیا كه تێیدا به هه‌زاران سوێدیزمان، پشتاوپشت ده‌چنه‌وه سه‌ر داگئۆ له ئێستۆنیا، دوای شۆڕشی ڕوس {ئۆكتۆبه‌ر} گه‌لێ هه‌ژار و نه‌دارانه ده‌ژین. له نێو ئه‌و خێزانانه‌دا، خانه‌واده‌ی كنیوتهس، سوله‌یمان ده‌گرنه خۆیان و نێوزه‌دی ده‌كه‌ن به سلێمان ئێلێكسهندهر كنیوتهس. پاشان كه گوندنشینه‌كانی ئاوایی دێكۆن كۆچ ده‌كه‌ن بۆ سوێد سلێمان ئێلێكسهندهری هه‌ژده ساڵیان ڕه‌گه‌ڵه. ئیدی دواماوه‌ی ژیانی له سوێد به‌سه‌ر ده‌بات و پاشان له (دوورگه‌ی) گۆتلاند 1981 ده‌مرێت. سلێمان ئه‌لێكسه‌نده‌ر یه‌كه‌م تنۆكه (ئاوی) شه‌پۆلێكه. دوا-دهییهكانی سه‌ده‌ی نۆزده به هه‌زاران كورد دێنه سوێد، وه‌ك هێزی كار و په‌ناخواز. بۆچی، له كوێوه دێن، ئه‌وه چییه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌جێی بێڵن؟ دوای یه‌كه‌م سه‌فه‌رم بۆ كوردستان به دوو ساڵێك، دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، ئه‌وجاره‌ی وه‌ك ڕۆژنامه‌وان. له‌و شوێنانه‌ی ده‌خوازم سه‌ردانیان بكه‌م، بینینی حهسهنكێفی ئه‌فسانه‌ییه له دۆڵه‌كانی ڕوباری دیجله كه هه‌نوك مرۆڤه‌كانیان ژیانی ڕۆژانه‌یان له ئهكهشكهفتهكاندا – و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا، به‌سه‌رده‌به‌ن. ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت ئاوه‌كه گلبداته‌وه و زلگۆمێكی ئه‌نێرژی به هێزی ئاو دروست بكات. ئیدی ئهشكهفتهكان نغرۆی ئاو ده‌بن، ئه‌و دانیشتووانه‌ی له‌وێش زینده‌گی ده‌كه‌ن به زه‌بری هێز زۆرهملێییانه ڕاگوێز ده‌كرێن. كه به ڕێگاوه‌م به‌ره‌و ئه‌وێ پۆلیس ڕامده‌گرێت، به فرمانێك كه پێی سپێردراوه ڕاپێچی لای پارێزگای شارم ده‌كات. پارێزگاری شار له پشت مێزێكهوه به‌رز ده‌بێته‌وه و پشتی مێزیش به بێشهڵانێك له ئاڵای توركیا ڕازێنراوه‌ته‌وه و له‌بان سهریشییهوه ئیجباریانه پۆڕترێتكی داهێنه‌ری وڵات ئاتاتورك هه‌ڵواسراوه. هه‌ر كه ده‌زانێت من سوێدیم نیگای ڕه‌ش داده‌گیرسێت، به دڵنیاییه‌وه سوێد وه‌ك وڵاتێك كه بۆته حه‌شارگه‌ی په‌نابه‌ران دێته زه‌ینییه‌وه. تاقیكردنه‌وه هه‌ر له پرسیاری یه‌كه‌میه‌وه ده‌ست پێده‌كات: پككـ تیڕۆڕیسته یان نا؟ تیڕۆڕیسته، وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه. وه‌ڵامێكی گوێ له مستانه - من فێر بووم تا ده‌رفه‌ت و مه‌ودا هه‌بێت خۆم له گشت شتێك له په‌یوه‌ند به جه‌نگاوه‌ره گریلاكانهوه به دوور بگرم. پككـ له سوێدیش به تیڕۆڕیست پۆلێن كراوه. پارێزگای شار ملی ئه‌رێ ده‌له‌قێنێت: ڕاست ده‌كه‌یت وایه. ئینجا ئامژه به كوشتنی-پاڵمێ ده‌كات – كه هه‌ر به‌ڕاستی له‌لایه‌ن پككـ-ـه‌وه ئه‌نجامدراوه، دروست نییه؟ هه‌ر چه‌نده ئه‌وه‌ی گوایه نێودێره به دۆسیه‌ی پككـ له په‌یوه‌ست به كوشتنی پاڵمێ-وه، زۆر له مێژه سڕاوه‌ته‌وه و وه‌ك شكستییهك له مێژووی پۆلیسی سوێدا ده‌بینرێت، به‌ڵام ده‌بێت بڵێم ئه‌رێ وایه، به خاتری كه‌شی دانیشتنه‌كه‌مان نه‌شێوێت. ئه‌و وه‌ڵامه‌م سه‌ربه‌ستم ده‌كات بچمه ته‌ماشای ئهشكهفتهكان – كه‌سێك زاتی نییه له‌وێ بۆ ورته‌یه‌ك چییه لێم نزیك بێته‌وه، چوون پۆلیس له نزیكه‌وه چاودێره. ئه‌ز بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه ئه‌وده‌مه‌ی كتێبه‌كه‌ی (یۆواكیم مێدینس) ده‌خوێنمه‌وه به ناونیشانی ''دۆسیه‌ی كورد''، له‌وێدا نووسه‌ر به بنجوبنه‌وانی ئه‌و كێشمه-كێشمه‌دا ده‌چێته خواره‌وه كه چۆن سوێد سه‌روسه‌ودای له‌ته‌ك كوردا كرد ده‌مێ خه‌ریكی مامه‌ڵه بوو تا به ئه‌ندام له ناتۆدا وه‌ربگیرێت.
لێره‌د به جوانی ده‌رده‌كه‌وێت سوێد چۆن پاشه‌كشه‌ی گه‌وره بۆ توركیا ده‌كات و، ڕوانگه‌ی سوێدیانه بۆ كورده ئۆپۆزیوسیونهكان وه‌ك په‌نابه‌رانێك كه حهوجیان به په‌نا و پاساره فش ده‌بێته‌وه. ژنه سوێدی-كوردێك له‌و كتێبه‌دا ده‌ڵێت: ''ئاخر سوێد به چییه‌وه ده‌نازێت گه‌ر شته جوان و ده‌گمه‌نه‌كان بدۆڕنێت؟ ئه‌وسا ده‌بێته وڵاتێكی بچكۆڵه‌ی ساردی تاریكونووتهك به ده ملیۆن دانیشتوانه‌وه له قوڵایی دارستانهكانیدا''.
ئیتر بیرم ده‌مباته‌وه لای خانه‌واده‌ی كنیوتهس. داخۆ ئه‌وان هه‌ر له‌به‌راییه‌وه ده‌یانزانی به چ هۆیه‌ك ئه‌و كوڕه كورده‌یان گرته خۆ! چوون له مێژووی بنه‌ماڵه‌یاندا ئه‌زمونی چه‌وساندنه‌وه و كۆچكردن هه‌بوو؟ به گریمانی من دروست وایه. ئاخر به بۆچوونی من بیرۆكه‌یه‌ك هه‌یه بڕیارده‌ری قه‌ده‌ری ژیانه، چ بۆ ئه‌وانه‌ی وا بیر ده‌كه‌نه‌وه یانشه بۆ هاومرۆڤهكانی ده‌وروپشتیان، ئه‌ویش: ده‌كرا من بامایا {له جێی ئه‌و}. من وا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م بیرۆكه‌یه له باری پراكتیكه‌وه ده‌شێت زیاتر نزیكه ده‌ست بێت گه‌ر مرۆڤ له هه‌گبه‌ی كه‌سه‌كی خۆیدا ئه‌زمونی چه‌وساندنه‌وه‌ی هه‌بێت. نه‌خێر، ئه‌من ناڵێم ئه‌زمون مه‌رجی هاوسۆزییه. مرۆڤ گیاندارێكی هاوسۆزه. به‌ڵام سه‌رباری گشت شتێك، له‌وێدا كه من وه‌ستاوم، له‌كن پارێزگاری شار له كوردوستان-توركیا، كه‌مه ئاڵوگۆڕێك، داخزانێك به‌سه‌ر ناخی مندا هات.. ّههر وه‌ك چۆن له سه‌فه‌رێكی دواتردا، كه پاسپۆرته‌كه‌م بزركرد، تا بكرێت گومشكاتێك له‌كن پۆلیس تۆماربكه‌م، جارێكی تریش ناچاری تاقیكردنه‌وه كرام به‌وه‌ی وه‌ڵامی كۆمه‌ڵه پرسیارێك له‌مه‌ڕ سیاسه‌تی ناوخۆی توركیا بده‌مه‌وه. ده‌رده شۆك نا، ته‌نیا كۆمه‌ڵێ خۆخواردنه‌وه‌ی بچوك و گینگڵدانی ناخ، بوو، ده‌رحاڵ: هه‌ر تاكه ئه‌زمونێك كه به‌سه‌ر یه‌كێكدا دێت ئاڵوگۆڕێك ره‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت. سوێد وڵاتێكی بچوكه له‌و دارستانانه‌دا، ڕاستییه‌كه ناكرێت حاشای لێ بكرێت. ده‌كرێت پێوه‌رێك تا حاڵ و كه‌شی ئه‌م وڵاته‌ی پێ بپوێررێت چۆنێتی په‌یوه‌ندی وڵات بێت به گروپێكه‌وه، وه‌ك كورد، ئه‌م پێوه‌ره ئێستا سه‌رله‌به‌ری گۆڕاوه. ده‌رئه‌نجامیش: ساردتر، بووه. هه‌روه‌ها (سوێد) كه‌متر خاوه‌ن پریسنسپی جێگیره له په‌یوه‌ست بۆ نمونه ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤه‌وه. ئه‌وده‌م ده‌كرێت سه‌نگی ڕاگرتن له‌كن ئه‌وانه بن كه په‌نایان هێناوه‌ته ئێره به هۆی چه‌وساندنه‌وه و – به سه‌دان هه‌زاران كه‌سن، به كورد و مرۆڤگه‌لی جیاوازی تره‌وه. ده‌شێت ئه‌م مرۆڤه ئهزموندارانه ژیان له دیدی هاوسۆزی مێژوویی میراتگهرییهوه كه سوێد خاوه‌نێتی ده‌بینن - ئه‌وان ئه‌و هاوسۆزییه زیندوبكهنهوهو سه‌رله‌نوێ مه‌راقی بخۆن.
تێبینی وه‌رگێڕ و سه‌رچاوه:
1 Rohan Alakom: svensk-kurdiska kontakter under tusen år. Apec, 2000
2 Joakim Medin: Kurdspåret-Sverige, Turkiet och priset för ett Natomedlemskap. Verbal förlag, 2023.
3. ك. بیێرڤاڵ، ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ره. ئه‌م بابه‌ته له كولتۆر ڕادیۆ، ك 1، سه‌ره‌تای نۆڤه‌مبه‌ر خوێندرایه‌وه. وه‌رگێڕ په‌یوه‌ندی كرد به نووسه‌ره‌وه، ئه‌ویش وه‌ڵامی نارد: ''خاوه‌نی بابه‌ته‌كه ئیدی به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆگرامه‌كه‌یه''. وه‌رگێڕ په‌یوه‌ندی كرد و هه‌ردووكیان ڕه‌زامه‌ندیان نوواند بۆ وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌شی. په‌سه‌ندنامه لای وه‌رگێڕه. سوپاسیان ده‌كه‌م.
4. ناونیشان و كه‌وانه دانان له‌لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه‌یه.
5. كۆیاسای ڕۆس: چوار زه‌مین و دورگه‌ی باكوری ستۆكهۆڵم ده‌گرێته‌وه، سه‌ده‌ی 1400. بۆ ڕێكخستنی كه‌شتی جه‌نگ ده‌می هێرشی تاڵانی سوێدییه‌كان به هاوكاری یاسای ده‌ریای ئه‌وده‌م.
6. جوداییه‌ك، له ڕووی یاساییه‌وه، له نێوان په‌ناخواز و په‌نابه‌ردا هه‌یه. ئه‌وی یه‌كه‌م ههڵهاتوویهك خۆی بگه‌یه‌نێته وڵاتێك، سوێد، له‌وێ داوای په‌ناگه‌یه‌ك بكات، دووه‌م ههڵهاتووهیهك له‌ڕێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه، یوئێن، یان ده‌زگا و وڵاتانی جیاوازه به فه‌ڕمی وه‌ك په‌نابه‌ر بنێردرێته وڵاتێك، یانی پێش هاتنی به په‌نابه‌ر په‌سه‌ند كراوه.
7. ژوناڵی خێزانی سوێدی- گۆڤار- نێوان 1864-1887، شوێنهه‌ڵگری گۆڤاری خێزان له ئاڵمانیای ئه‌وده‌م.
8. 21-11-2024: به وته‌ی په‌یامنێری بی بی سی، نمه‌ك خۆشناو، له حه‌سه‌كه‌وه، زیاد له ملیوێنێك تینووی ئاون: ئاو ئێستا له زێڕ به‌هاتره، بڕوانه:
The Documentry, Life at 50+ C: 21-11-2024, Syria's water war.
گ. مه‌ریوانی، نۆڤه‌مبه‌ری 2024