ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لە ماوەی پێشودا رۆمانی (تیۆرییەکی گشتی بۆ لەبیرچوونەوە)م خوێندەوە، کە لە نووسینی نووسەری ئەنگۆلی (جوزیە ئیدواردو ئاگوئالوسا)یە، حەمە کەریم عارف کردویەتی بە کوردی و ناوەندی رەهەند چاپی کردووە. نووسەرەکە بۆ من نوێ بوو، بەڵام کاتێک رۆمانەکەم خوێندەوە، خۆشحاڵ بووم کە بەرهەمی ئەم نووسەرەم خوێندەوە، بەتایبەتی کە زانیم نووسەرەکەی خەڵکی ئەفریقایە، دەمێکیشە بە دوای ئەدەبی ئەفریقادا دەگەڕام، چونکە کەمتر ئاگاداری ئەدەبی ئەفریقام.
ئەم رۆمانە لە رێگەی باسکردنی ژیانی ژنێکەوە، کۆمەڵێک پرسی گرنگی وروژاندووە لەپێش هەمووشیانەوە باسی شۆڕشی سەربەخۆیی ئەنگۆلا و جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی چەپەکانی پورتوگال دژی رژێمی سالازاری دیکتاتۆری پورتوگال.
ناوەڕۆکی رۆمانەکە
لودۆڤیکا لەگەڵ ئودیتی خوشکی دەژی، ئەوان لە سەرەتادا لە پورتوگال دەژین، ئودیتی خوشکی مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانییە، پاشماوەیەک ئودیتی خوشکی ئۆرلاندۆ دەناسێت، کە ئەویش ئەندازیارێکی ئەنگۆلییە لە یەکێک لە کانەکانی ئەڵماسدا کار دەکات. پاشماوەیەک لودۆڤیکا و ئودیتی خوشکی بەرەو لواندا پایتەختی ئەنگۆلا دەڕۆن و لەوێ دەژین، ئودیتی خوشکی هیچ کاتێک لودۆ بە تەنیا جێناهێڵێت، هەربۆیە بڕیار دەدات کە خوشکەکەشی لەگەڵ خۆی بەرێت بۆ ئەنگۆلا. نووسەر لەم رۆمانەدا باسی قۆناغێکی ئێجگار هەستیار و گرنگی ئەنگۆلا و پورتوگال دەکات، کە ئەویش شۆڕشی چەپەکانی پورتوگالە لە دژی رژێمی سالازاری دیکتاتۆر، بە کۆتاییهێنانی رژێمی دیکتاتۆری سالازاریش، چەپەکان دان بە مافی چارەنووسی گەلی ئەنگۆلیدا دەنێن و سەربەخۆییان پێدەدەن. بەڵام وەکو دیارە هەر لە پاش سەربەخۆبوونی ئەنگۆلا جەنگی ناوخۆ دەستپێدەکات و ئەنگۆلا دەبێتە مەیدانێکی گرنگی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و روسیا، هەروەها کۆمەڵێک دەوڵەتی ئیقلیمیش رۆڵی خراپ دەگێڕن لە پێش هەموویانە ئەفریقای باشوور، کە ئەوکاتە رژێمێکی راسیزم حوکمی دەکرد.
لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕشی چەپەکانی پورتوگال و سەربەخۆبوونی ئەنگۆلا لە ساڵی 1975، هاتنە سەرکاری رەوتە شۆڕشگێرەکان، بارێکی نائارامی و پشێویی هەموو وڵات دەگرێتەوە، ئەمەش وا دەکات کە ئۆرلاندۆ سندوقێک ئەڵماس بدزێت، شەوێک بەدزییەوە ماڵ بەجێبهێڵێت، لەم سەفەرە کتوپڕەشدا، ئودیتی خێزانی لەگەڵی دەڕوات، بەڵام لودۆ بۆ ماوەی 30 ساڵ، لە شوقەکەی ئەواندا خۆی زیندانی دەکات. هەتاوەکو سابالو پەیدا دەبێت، کە منداڵێکی هەتیوە لەسەر شەقامەکان دەژی، ئەم ژنە لەو زیندانەی خۆی دەردەهێنێتە دەرەوەو دووبارە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیان.
ژیانی تەنهایی و گۆشەگیری پانتایی گەورە لەم رۆمانەدا داگیر دەکات، لەپەنا ئەوەشدا رەوشی سیاسی و ئابووری گشتی ئەنگۆلا لەو قۆناغە گرنگەدا باس دەکات، هەروەها باسی ساڵانی پاش سەربەخۆبوون دەکات، لێرەشدا پانتایی بۆ گەندەڵیی و دزی سیاسییەکان تەرخان دەکات، کە چۆن ئەو شۆڕشگێرانەی دوێنی، دەبنە بەرپرس گەندەڵ و دز.
« هەمان ئەو کەسانەی کە سۆسیالیستیان بونیاد نابوو، رووخاندیان، سەرمایەداری بە هەموو دڕندەییەکی خۆیەوە، لەهەمان خۆڵەمێشی ئەوەوە، سەری بەرزکردەوە. ئیتر هەموو ئەوانەی تا چەند مانگێک لەوەوپێش لە ئاهەنگەکان و رۆژنامەکان و کۆبوونەوە سیاسییەکاندا، زۆر بەتوندی دژایەتی دیموکراسی بۆرجوازیان دەکرد، نها بە جلی پۆشتە و پەرداخەوە، کە دیزاینەری تایبەتی بۆیانی دیزاین کرد بوون، لە شاردا بە ئۆتۆبیلی کەشخەوە دەسوڕانەوە. بڕوانە ل82
شێوازی نووسین
یەکێک لەو شتە جوانانەی کە سەرنجی منی بۆ لای ئەم رۆمانە راکێشا، شێوازی نووسینیەتی، نووسەر زۆر شارەزایانە رۆمانەکەی نووسیوە، بەتایبەتی رەگەزی « بیرەوەریی و گرێی ئەدەبی» زۆر بە باشی بەکارهێناوە. زۆرجار رووداوێک باس دەکات، دوای چەندین لاپەڕە، ئینجا هۆکار و دەرەئەنجامەکانت پێدەڵێت، ئەم یاری چاوشارکێیەش لەگەڵ خوێنەر، نووسەری بەتوانا نەبێت، ناتوانێت بەکاریبهێنێت، چونکە پێویستیی بە شارەزایی زۆر هەیە، لە رەگەزەکانی رۆماندا.