قائانی: تا رزگاركردنی قودس لە پشت حزبوڵا دەبین
  2024-09-29       367       

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەشداری لە پرسەی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبناندا كردوە لە تاران و جەختی كردۆتەوە كە "تا رزگاركردنی قودس لە پشت حزبوڵا دەبین."

ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەشداری لە پرسەی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبناندا كردوە كە لە نوسینگەی ئەو حزبە لە تاران بەڕێوەدەچێت.

ئاماژە بەوەشدراوە كە لە پەراوێزی بەشداریكردنی لەو رێوڕەسمەدا، قائانی چاوی كەوتوە بە عەبدوڵا سەفادین، بەرپرسی نوسینگەی حزبوڵا لە تاران و گفتوگۆیان كردوە.

بەپێی میدیا ئێرانییەكان، ئیسماعیل قائانی لە بەرامبەر كوژرانی حەسەن نەسروڵادا وتویەتی"تا رزگاركردنی قودس لە پشت حزبوڵا دەبین."

ئەوەش لەكاتێكدا كە دوای هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان كە تێیدا حەسەن نەسروڵاو چەند فەرماندەیەكی دیكەی ئەو حزبە كوژران، میدیا رەسمییەكانی ئێران لەبەرامبەر بڵاوبونەوەی هەندێك دەنگۆدا ئاماژەیان بەوەدابو كە ئیسماعیل قائانی "سەلامەتە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×