ئا: ئاوێنە
عه‌لی یونسی، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك كۆماری ئێران حه‌سه‌نی روحانی، بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌و كه‌مایه‌تییه ئایینی‌و ئایینزاكان به‌ناوبردنی عێراق وه‌ك پایته‌ختی ئیمپراتۆریه‌تی ئێران، هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی نایه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت "په‌شیمان نیم له‌و قسه‌یه‌و ئه‌وه‌ی وتومه به‌شێكه له‌ستراتیجیه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران".
میدیاكانی ئێران‌و ناوچه‌كه‌و جیهانیش به‌سه‌رسامییه‌وه له‌و پیاوه ریشنه چاویلكه له‌چاوه ده‌ڕوانن كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی راوێژكاری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانه، به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه قسه‌و لێدوانه‌كانی ههراسازو جێی بایه‌خی میدیاكانی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه.
یونسی كه یه‌كێكه لهریفۆرمخوازهكانی ئێران، لهسمینارێكدا سه‌باره‌ت به‌شوناسی ئێرانی بون رایگه‌یاند كه "هه‌نوكه عێراق نه‌ك ته‌نها له‌بازنه‌ی شارستانیهتو نفوزی ئێمه‌دایه، به‌ڵكو شوناس، سه‌نته‌رو پایته‌ختی ئێمه‌یه له‌ئێستاو رابردوی دوریشدا".
ئه‌و وتی "جوگرافیای عێراق‌و ئێران قابیلی لێكجیاكردنهوه نییه، ئێمه له‌سه‌رمانه داكۆكی له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه بكه‌ین كه به‌شێكه له‌جوگرافیای مێژویی ئێران‌و دانیشتوانه‌كه‌شی ئێرانین، پێویسته بیانپارێزین له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی ره‌وتی ئیسلامی چه‌قبه‌ستو، تهكفیرو ئیلحادو ده‌سه‌ڵاته‌كانی عوسمانیه نوێكان‌و وههابیهتو رۆژئاوا‌و زایۆنیزم".
وتیشی "ئێران له‌دروستبونیه‌وه هێزێكی جیهانی بوه‌و وه‌ك ئیمپراتۆریه‌تێك له‌دایكبوه، هه‌ربۆیه ئێستا میراتگرانی رۆمی رۆژههڵاتو عوسمانی ناڕه‌حه‌تن كه ئێران كۆمه‌ك به‌عێراق ده‌كات، ته‌نانه‌ت ناتانیاهۆش دانی بهشكۆو مه‌زنی ئێران‌دا ناوه". وه‌ك ئاماژه‌دان به‌وتاره‌كه‌ی بینامین ناتانیاهۆ كه لهكۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكادا رایگه‌یاند ئیمپراتۆریه‌تی ئێران لهزیندوكردنهوهدایهو چه‌ند وڵاتی گرنگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له‌بازنه‌ی ئه‌و ئیمپراتۆریهتهدان.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌دوای ئه‌و لێدوانه‌یدا، تۆپخانه‌ی قورسی میدیاكانی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی خرایه‌سه‌ر، وه‌زارەتی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بێزاری‌و ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر به‌قسه‌كانی ده‌ربڕی، به‌ڵام ئه‌و رایگه‌یاند كه "په‌شیمان نیم‌و پۆزشیش ناهێنمه‌وه".
ئه‌و وتی "مه‌به‌ستم كه‌مكردنه‌وه نییه له‌سه‌ربه‌خۆیی عێراق، له‌رابردودا وڵاتانی ناوچه‌كه ئه‌ندامی ئیمپراتۆریته گه‌وره‌كانی ههخامنشییهكانو ساسانی‌و ئهشكانیهكان بون، ئێمه‌و خه‌ڵكی عێراق‌و ناوچه‌كه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبهشو كلتوری هاوبهشو یه‌ك سه‌رزه‌مینمان هه‌یه‌و سه‌رده‌مانێك به‌شێك بوین لهئمپراتۆریهتێك".
وتیشی "عێراق بۆ ئێمه زۆر گرنگه، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌م پایته‌ختی ئیمپراتۆریه‌ته كۆنه‌كانی ئێران بوه‌و دوه‌میش زێدی زۆربه‌ی ئیمامه‌كانی شیعه‌یه".
یونسی جه‌غتی له‌وه‌ش كرده‌وه كه ئێران وڵاتێكی به‌هێزی مێژویی خاوه‌ن شارستانیه‌تی دره‌وشاوه‌و میلله‌تێكی مه‌زنی ته‌یار به‌ئایدۆلۆژی به‌هێزو شۆڕشگێرانه‌و پێشڕه‌وه، ئه‌و وتی "ئه‌وه‌ی وتومه له‌گه‌ڵ ستراتیژی كۆماری ئیسلامی یه‌كانگیره".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ش له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانی یونسی هیچیان رانهگهیاندو ره‌خنه‌یان ئاڕاسته نه‌كرد.
زێدی ره‌سه‌نی عه‌لی یونسی، شوێنێكه له‌هه‌مه‌دان كه له‌یاده‌وه‌ریی ئێرانیهكانو عه‌ره‌بیشدا ون نابێت، ئه‌ویش "نه‌هاوه‌ند"ه، ئه‌و شوێنه‌ی كه به‌ر له1400 ساڵ له‌شكری عومه‌ری كوڕی خه‌تاب سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان به‌سه‌ر سوپای ساسانی ئێرانی‌دا به‌ده‌ستهێناو ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته گه‌وره‌یه‌ی ئێرانیان تێك‌شكاند، كه پایتهختهختهكهی مهدائنو ته‌یسه‌فونی نزیك به‌غدای ئه‌مڕۆ بو.
عه‌لی یونسی، پێشتریش هه‌رایه‌كی تری له‌ئێراندا نابۆوە كاتێك كه لهسمینارێكدا ستایشی سمبولی "شێر‌و خۆر"ی كرد، ئه‌و رایگه‌یاند "ئاڵای سێ ره‌نگی ئێران پێشینه‌یه‌كی زۆر دورو دێرینی هه‌یه، سمبوڵی نیشتمانییه نه‌ك شاهه‌نشاهی، شێر هێمای حه‌زره‌تی عه‌لییه‌و خۆریش هێمای حه‌زره‌تی محه‌مه‌ده‌و ته‌نها تاجه‌كه په‌یوه‌ست بو بهشاههنشاییهوه، ئه‌گه‌ر بهمن بێت مانگی سور ده‌گۆڕم بهشێرو خۆر"، رۆژنامه‌كانی ئێران له‌مباره‌وه ئه‌وه‌یان بیرخسته‌وه كه ئایه‌توڵا خومه‌ینی له‌سه‌روه‌ختی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئێران ساڵی 1979، شێر‌و خۆری به‌ئاڵای تاغوتو نه‌گریسی شاهه‌نشاهی ناوبرد بو.
عه‌لی یونسی كه ته‌مه‌نی 64 ساڵه، پێشتر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دادوه‌ری هێزه چه‌كداره‌كان بوه له 1982ه‌وه زیاد له 100 كه‌سی له‌شانه نهێنیه‌كانی حیزبی توده‌و رێكخراوی فیداییه‌كان "ئه‌كسه‌ریه‌ت"ی دادگایی كردوه، كه زۆربه‌یان ئه‌فسه‌ری پایه‌بڵند بون‌و حوكمی ئیعدامی به‌سه‌ردا سه‌پاندون، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی خاته‌میدا، عه‌لی یونسی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ وه‌زیری ئیتلاعات بوه‌و لە٢٠١٣وە راوێژکاری سه‌رۆك كۆماری ئێران حه‌سه‌نی روحانی، بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌و كه‌مایه‌تییه ئایینی‌و ئایینزاكان.