هه‌ینی, 10 ی کانونی دووه‌م , 2025
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: لەگەڵ هەڵبژاردنە خۆجێیەکان نین لەڕۆژئاوای کوردستان
  2024-09-14       530       
هه‌ڵبژاردنێكی‌ ڕابردو له‌ناوچه‌كانی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان


جارێكی‌ تر ئه‌مه‌ریكا دژایه‌تی‌ خۆی‌ بۆ به‌ڕێوه‌چونی‌ هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی‌ ڕۆژئاوای کوردستان ده‌رده‌بڕێت‌و له‌زاری‌ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایده‌گه‌نێت، "لەو ناوچانە هەلومەرجی پێویست نەڕەخسێندراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو پاک‌و بێگەرد".

ئاوێنه‌: ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە خۆجێیەکان لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان‌و باکورو خۆرهەڵاتی سوریا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆسەریدان، ڕایگەیاند، "لەو ناوچانە هەلومەرجی پێویست نەڕەخسێندراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو پاک‌و بێگەرد".

وتیشی‌، "ئەمەریکا وەک ئەوەی لەبڕیاری‌ ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو پاک‌و بێگەردە لەسوریا، بەڵام هەلومەرجی ئێستای سوریا بەناوچەکانی باکورو خۆرهەڵاتیشیەوە گونجاو نییە بۆ ئەمە".

بڕیاربو ڕۆژی‌ 11ی 6ی‌ 2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەهەرێمی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەبچێت؛ بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری‌ هەڵبژاردنەکەی بۆ مانگی‌ 8 (ئاب) دواخست، دواترو بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیاو گوشارەکانی ئەمەریکا، ئیدارەی خۆسەری هەڵبژاردنەکەی بۆ مانگی 9ی‌ ئه‌مساڵ (ئەیلول) دواخست.

توركیا له‌زاری‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ چه‌ندینجار دژایه‌تی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوپاتكردۆته‌وه‌، تا ئاستی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ سه‌ربازیی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان.

بەپێی دابەشبونی نوێی ئیداری، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەحەوت کانتۆن، شەش شاری گەورە، 40 شارو 105 شارۆچکە پێکدێت. 


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×