"موچەی‌ مانگی 8ـی خانەنشینانی‌ هێزه‌كانی‌ 70 هاوتای‌ به‌غدا ناكرێت"
  2024-09-14       296       


به‌وته‌ی‌ بەڕێوەبەری‌ جێبەجێکار لەبەڕێوەبەرایەتی‌ خانەنشینی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ پێشمەرگە، موچەی‌ مانگی 8ـی خانەنشینانی‌ پێشمەرگە هاوشێوەی‌ پێشتر دەبێت و هەوڵدەدرێت لەمانگی‌ 9 موچەکانیان بەهاوتاکراوی‌ دابەشبکرێت.

ئاوێنه‌: هادی‌ ئەکرەم، بەڕێوەبەری‌ جێبەجێکار لەبەڕێوەبەرایەتی‌ خانەنشینی‌ پێشمەرگەی‌ سلێمانی‌ به‌میدیاكانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ راگەیاندووه‌، کێشەی‌ بەردەم هاوتاکردنی‌ موچەی‌ خانەنشینانی‌ پێشمەرگە نزیکەی‌ سێ هەزار پلەداری‌ پێشمەرگەیەو تا ئێستا نەتوانراوە موچەکانیان هاوتابکرێت.

وتیشی‌، "ئەوانەی‌ لەبزوتنەوەی‌ رزگاریخوازی‌ گەلی‌ کورد بەشداربوون و پلەیان پێدراوە ئەوانە موچەکانیان کەمدەکات لەبەرئەوە لەهەوڵی‌ چارەسەرکردنی گرفتی‌ ئەوانین و بۆ مانگی‌ ئاب بەهەمان لیستی‌ موچەی‌ مانگی‌ تەمموز خانەنشینانی‌ پێشمەرگە موچە وەردەگرن و بۆ مانگی‌ ئەیلول موچەکانیان هاوتادەکرێت".

بەرپرسەکەی‌ خانەنشینی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ پێشمه‌رگه‌ باسیلەوەشکرد، زۆرینەی‌ خانەنشینانی‌ پێشمەرگە بەهاوتاکردنی‌ موچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانی‌ سەربازیی‌ عێراق موچەکانیان زیاددەکات و هەموو موچە کەمەکان دەکرێتە 600 هەزار دینار.

11ی‌ ئه‌م مانگه‌ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری له‌وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هه‌رێم ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ موچه‌ی‌   خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بڵاوكرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند، " لەسەر بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاری خەرجکردنی موچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) درا."
     
ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد، "خەرجکردنی موچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوەو بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ موچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستاو ڕابردوی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە(10) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت."
 
وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هه‌رێم ڕاشیگه‌یاند، "بەپێی یاسای چاکسازی پێویستبو لەدوای مانگی حەوتی ساڵی (2020) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی‌و ئابوریی، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هەرێمی کوردستان موچە وەربگرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×