وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
  2024-09-14       195       

بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفتی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی‌ عێراق بەیاوەری شاندێکی گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆو بی پی ئۆیڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئاوێنه‌:  وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، هەفتەی داهاتو حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بەیاوەری شاندێکی گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆو بی پی ئۆیڵ سەردانی هەرێم دەکەن و لەبارەی ناوەڕۆکی گرێبەستە نەوتییەکان رێککەوتنێکی نوێ دەکەن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ده‌ڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پرسێکی گرنگە بۆ حکومەتی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی ئەرێنیان لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکان ناوە. 

وتیشی، " گرێبەستە نەوتییەکان کێشەی کارگێڕی بووە لەبەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

رۆژی 25ی 3ی‌ 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه‌ بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستان‌و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بو.

به‌رده‌وام له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران‌و لایه‌نه‌ پۆپۆزسیۆنه‌كان‌و چاودێرانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌گیرێت، كه‌ داهاتی‌ ئه‌و نه‌وته‌ دیارنییه‌ كه‌ له‌ناوخۆدا به‌شێوه‌ی‌ قاچاغ‌و به‌ته‌نكه‌ر ده‌فرۆشرێت‌و پاره‌كه‌ی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×