ماڵەکەی سەید ئەحمەدی خانەقاو دەردە دڵێک
  2024-09-11       547       
ماڵەکەی سەید ئەحمەدی خانەقا روخێندرا

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

لەم بەینەدا ماڵە گەورەکەی سەید ئەحمەدی خانەقا لە کەرکووک ڕووخێنرا، هەروا بە سادەیی ڕووخێنرا و تەختی زەوی کرا و هەواڵەکە بە پەناگوێی خەڵکی شار و وڵاتەکەدا تیژ تێپەڕی و لە ویزەویزێکی کز و بێگیان بەولاوە هیچ شتێکی بەرپا نەکرد. ڕاستە وەک دەگوترێت نەوەکانی، یان یەک لە نەوەکانی، پارەیەکیان لەسەر وەرگرتووە و بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایەی کە بۆ میرات و میراتگریی هەیە مافی خۆیانە و کەس بۆی نییە لێیان زەوت بکات و پاساویشیان ئەوە بووە کەوا دەزگای پەیوەندیداری کەلەپوور لە حکوومەتی عێراق لێی نەکڕیون و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی حیزبی کوردی و حکوومەتی هەرێم، بە پێی ئەو ڕەوشەی لە کەرکووکدا هاتووەتە پێشەوە، کەس خۆی لێ نەکردووەتە خاوەن و ڕەنگە گوتبێتیشیان جا ئەم کەلاوە شڕە چییە خۆمانی لێ بکەینە خاوەن و پیاوخراپیش بین لەسەری، خۆ هیچ پشکێکی بۆ ئێمە تێدا نییە، ئەگەر ئەمەشیان نەگوتبێت ئەوە بە کردەوە گوتوویانە و ڕەفتار سەنگی مەحەکی بیرکردنەوەیان بووە.

 

ماڵ و خانەقاکەی سەید ئەحمەد، پێش ئەوەی مڵکی نەوەکانی بووبێت، مڵکی مەعنەوی و کولتووریی هەموو خەڵکی کەرکووک بوو، بە کورد و غەیرە  کوردیشیەوە، ئاخر لەم ماڵ و خانەقایەدا سەدان و بگرە هەزاران کەسی   هەژار و بێدەرەتان و لانەواز داڵدە دەدرا و نانی دەخوارد و لەبرسا نەدەمردن، لە سەردەمێکدا کە هەژاری تەنگی بە خەڵکی بەشمەینەت هەڵچنیبوو، بێ ئەوەی گوێ بە نەتەوە و مەزهەب و تەنانەت ئاینیشیان بدرێت، هەروەها بەشێکیش بوو لە سەممامی ئەمان و ئۆقرەیی بۆ تانوپۆی کۆمەڵگەی کەرکووک و دەوروبەریشی، دیسان بە هەموو پێکهاتە و ڕەنگ و بۆیەوە، مەبەستم کۆمەڵگە نەریتییەکەی پێش ژان و هەژانەکەی دواترە. بۆ کوردەکەشی ئەم ماڵ و خانەقایە تایبەتمەندییەکی زیاتری هەبوو، چونکە درێژکراوەی ڕێبازی ئاینیی هەقە و خانەقاکانی ئەو ڕێبازە بنەڕەت نەقشبەندییەی شەدەڵە و کەڵکە سماق بوو، درێژکراوەی بەها بەرزەکانی خانەقای مامەڕەزا و هەقەی مامەڕەزاییەکان بوو کە ساڵانێکی دوورودرێژی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی ڕابوردوو ماڵ و خانەقاکەی لە کەڵکەسماق کردبووە مەکۆی داڵدەدان و چالاکیی تێکۆشەرانی ئەو دەمەی حیزبە سیاسییەکانی عێراق و کورد، درێژکراوەی کولتووری شێخ ئەحمەدی سەردار و باپیریەتی کە لە سەدەی نۆزدەدا داڵدەی ڕابەری ڕێبازی ئاینیی بەهایی داوە. ئا بەم پاشخانە پڕ بەهایەی کۆمەڵایەتی و مەزهەبی و ئاینییەوە ئەم ماڵ و خانەقایە لەم شارەدا چێکراوە و بە درێژایی سەدەی ڕابوردوو، تا ئەو دەمەی ڕژێمی بەعس تەواوی بەهاکانی لەم وڵاتەدا سەرەوژێر کردەوە و تەواوی داروباری ئەم وڵاتەی هەڵتەکاند، ئەم ماڵە ڕووگەی خەڵکی لێقەوماوی جۆراوجۆر بوو. لە ساڵانی سییەکانەوە تا شەستەکان و بەملاوەتریش ئەم ماڵە پەناگەی سیاسییەکانی عێراق و کورد بوو بە چەپ و کۆمۆنیست و نەتەوەییانەوە و بووبووە بنکەیەکی پرشنگداری زۆربەی چالاکییە سیاسییەکانی ئەو دەمە. ئەو کوردایەتییەی کە ئەمڕۆ لە بەرانبەر عرووبە و شۆڤێنیزمی عەرەبایەتیدا، بە هەموو ڕەنگ و بەرگەکانیەوە، لە پاشەکشەدایە لەم ماڵ و خانەقایەدا فریشکی گرت و پێڕەوکە بوو. سیاسییە چەپ و نەتەوەییە کوردەکانی ئەو سەردەمە، ئەوانەیان کە ماون، باش لەبیریانە کە سەید ئەحمەد چ کاریزمایەکی هەبوو و چۆنی دەپاراستن و تەنانەت لە بەندیخانەش دەریدەهێنان، لە سەردەمی زەبروزەنگی پاشایەتی و ڕاوەدوونانی پۆلیس و فەرمانگەی تەحەڕییاتی جینائیی دڕی ئەو ڕۆژگارەدا. ڕاستە سیاسەتمەدارانی ئەو ڕۆژگارە قارەمان بوون و ڕۆمانسییانە بۆ ئامانجی بەرزی میللەت تێدەکۆشان و لەو پێناوەشدا سڵیان لە ڕاوەدوونان و گرتن و بگرە کوشتنیش نەدەکردەوە، بەڵام سەید ئەحمەد و ماڵ و خانەقاکەی درێغییان نەدەکرد لە پاڵپشتی و جۆشدانی ئەو خەباتە. ئەم ماڵە لەو سەردەمەدا شکۆ و هەیبەتێکی وای هەبوو کە تەواوی دەسەڵاتدارە کاریگەر و کۆڵەکەکانی حوکمی پاشایەتی سڵیان لێدەکردەوە و هەزار و یەک حیسابیان بۆ دەکرد و بەئاسانی نەیاندەتوانی کۆمۆنیستێک یان نەتەوەییەکی کوردی لی دەربێنن، کە دوژمنی باوەکوشتەیان بوون و سووریش دەیانزانی لەو ماڵ خانەقایەدا حەشاردراون.

ئەم ماڵ و خانەقایە، بە تایبەتی بۆ کورد و بۆ کەرکووک، دەبوو قیبلە بوایە و خەڵک بۆ تەواف زیارەتیان بکردایە و نەیانهێشتایە ئاوها کوێر بکرێتەوە. ئاخر ئەم شوێنە یادەوەریی شار و وڵاتێکە و نەدەبوو خەڵک بەو ئاسانییە دەسبەرداری یادەوەریی چەندین نەوەی بێت و لۆبییەکی گەورە دروست بکرایە بۆ پاراستنی و بە زیندوویی هێشتنەوەی. دەبوو شوێنێکی کولتووری و کەلەپووریی سەر بە یونسکۆ بووایە و ڕێگە نەدرایە شۆڤێنیزم بەو ئاسانییە لەناوی ببات، کە هەموومان دەزانین بە چ بەرنامەیەکی نەگریس کار بۆ سڕینەوەی کولتوور و یادەوەریی خەڵکی کورد دەکرێت لەو شارەدا. ئەم مەسەلەیە هەر ئەوە نییە شەولەناوێک و پشووی جەژن لەناوێک بدەیت بەسەر پیرۆزترین پێگەی کولتووریتدا و تەختی زەویی بکەیت، لەکاتێکدا کە ئەم مەقامە کۆیادە و بەپێی پێوەرە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان تەنها مڵکی بنەماڵەکە نییە و هەموو خەڵکی وڵات پشکی ڕۆحی و مەعنەویی تێدایە.

لە هەموو دنیادا، دنیای خۆمانی لێ بترازێت، کەلەپوور و شوێنەوار، کە هەر یەکەیان پێوەر و یاساوڕێسای نێودەوڵەتیی پارێزگاری لێکردنی خۆیان هەیە، کەس ناتوانێت دەستیان بۆ ببات و بۆ تاک و بۆ هەر دەزگا و دامەزراوەیەکیش لێپێچینەوە و سزای قورسی تێدەکەوێت لە حاڵەتی دەستبردندا بۆ ئەو کارە. من دەپرسم ئایا لەم عێراقە بێسەروبەرەی ئێستاشدا کەس دەتوانێت دەست ببات بۆ شەناشیلەکانی بەسرە، بۆ ماڵی ئەسترابادی و بازاڕی سەفافیر و کوێ و کوێ لە بەغدا، خۆ لە ئێستادا بنەماڵەی نەقیبی ئەشرافی بەغدا خۆیان بە نەوەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی دەزانن و لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیشدا بەریتانیا پێگەی شکۆدار و گەورەیانی لە بەغدادا ڕەچاو کرد و یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەوان دانا، ئاخۆ ئەو بنەماڵەیە دەتوانن بە ناوی میراتگرەوە مەقامی باپیرە گەورەیان بفرۆشن یان تەنانەت خشتێک لە تەلار و مەزارەکەی دەربێنن، نوێکردنەوە و چاککردنی لێ بترازێت؟ ئاخۆ هەرچی سەیدی عێراق و ئێران و کورد هەیە، لەوانەی خۆیان بە نەوەی ئیمامی   حوسەین و ئیمام مووسای کازم و ئەودوای ئیمامەکان دەزانن دەتوانن بە ناوی مڵکی وەرەسەوە نزیکی مەقامەکانیشیان بکەون، لە زیارەت و لەخۆدان بەولاوە؟ کەس هەیە ئەمڕۆ لە بەغدا پڕکێشیی تەختکردنی گۆڕستانی شێخ مەعرووفی کەرخی بکات و بیکات بە تەلار و بازاڕ؟ ئاخر ئەمانە هەموو، بێجگە لە مەقام و ڕێوشوێنی ئاینیی پیرۆزیان لای خەڵک سەرچاوەی یادەوەریی دەستەجەمعیشیانن و دەست بۆ بردنیان بۆ هیچ کەس ڕەوا نییە و پێموایە لەگەڵ ماڵ و خانەقاکەی سەید ئەحمەدیشدا هیچ جیاوازییەکیان نییە.   

ئێمەی کورد بەم فرۆشتنی مڵک و ماڵی وەرەسەیە، خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ ماڵی خۆمان کاول دەکەین و بەڕە لە ژێر پێی خۆمان دەردەکەین. ڕاستە نەوەکان و میراتگرە بایۆلۆجییەکان ڕەنگە بە یاسا مافێکی ئەوەیان هەبێت، بەڵام دەزگا و دامەزراوەی کەلەپوور و شوێنەوار یاسای چەسپاوی خۆیان هەیە و پێویستە هێندە کارابن کە ئەم پێشێلکردن و سەرگەردانییە ڕوونەدات و هەقی مەعنەویی خەڵک و میللەتی تێدا نەفەوتێ. هەڵبەت ئەم پێشێلکارییە لە شار و دێهاتی "هەرێمەکەشمان" بەردەوامە و بەنرخترین خانووە کۆن و کەلەپوورییەکانی شارەکانمان سەرمایەدارە تازە هەلتۆقیوەکان دەیکڕنەوە یان داگیری دەکەن و بۆ پرۆژە تەلارسازییە بێکوالیتی و قازانج چل قاتەکانیان قۆرخی دەکەن و دەزگای پەیوەنداریش هیچی پێناکرێت. ئەمە هەر بۆ شاریش وا نییە بەڵکو بۆ شاخیشە، بۆ دۆڵ و شیو و دار و درەخت و تەواوی ژینگەشە. جاران شاخ لە کۆنەست و یادەوەریماندا پەیوەست بوو بە مان و نەمانی کوردەوە و بووبوو بە پەندی "ئەگەر شاخ تەخت بێت یەک ڕۆژیش چییە کورد نامێنێت" و شاخ لە فۆلکلۆری شایی و شین و شوانی و وەرزێریماندا، لە شیعری شاعیرانماندا، لە ئەدەبی بەرگری و خەباتی ڕۆمانسی و خەیاڵ پڵاوماندا پێگەیەکی زۆر گەورە و دانەبڕاوی هەبوو لە ژیانماندا، کەچی ئێستا بە دەستی خۆمان دار دەبڕین و شاخ تەخت دەکەین و دەیکەین بە قوڕگی تەلار و ئەپارتمان و بە قوڕگی کارگەی چیمەنتۆدا و کەسیش نازانێت داهاتیان دەچێتە گیرفانی کێوە و دەردی نەوتەکە کە هەر ژەهر و دووکەڵی بۆ خەڵکە، ئەمیش هەر تۆز و خۆڵی لە سەر زەرعات و سەر سی و جگەری خەڵک بەجێدێڵێت و بۆ ئەو گیرفانی پڕ و هەڵاوساو و بۆ ئەمیش سیل و سەرەتان.

لەم چەند ساڵەی پێشوودا هەندی کەسی بنەماڵەی بابانەکانی کفری مڵکێکی زۆری زەوی و زاریان بۆ مابووەوە لە باوباپیرانیانەوە، کە مەجید پاشا و قادر پاشای بابان بوون، لە ناوچەی باشوور و ڕۆژئاوای خورماتوو، کە وەک دەگێڕنەوە هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی بووە. کەسانی ئەم بنەماڵەیە کە تاپۆی ڕەشی زەمانی عوسمانیی زەوییەکانیان بەناوەوە بووە، ویستوویانە بیفرۆشن و وەک دەگوترێت حەزیان کردووە کورد لێیان بکڕێت و نەکەوێتە دەست کەسی تر، بەڵام نە هیچ دەوڵەمەندێکی کورد و نە دەسەڵاتی کوردییش خۆیان لێ نەکردووەتە خاوەن و ئەنجام، وەک باس دەکرێت، کەسێک لە ئەرکانی عرووبە و هاوبەشی جارانی کار و بیزنێسەکانی سەرانی ڕژێمی لەناوچوو پارەی پێویستی بۆ پەیدا کردووە و بە فەرمی کڕیوێتی و ئەو کەسەش کە زەویی ئەو ناوچەیە کڕیوە دەبێتە خاوەنی ڕاستەقینەی ناوچەکە و جا با کورد هەر بڵێ ئەم شوێنە کاتی خۆی هی من بووە. بێگومان ئەمە پلان و ستراتیجە و کۆڵەکەکانی ئایدیای عرووبە و شۆڤێنیزمی عەرەبی پلانی باش و بەرچاویان هەیە بۆ داهاتوو. منیش دەپرسم ئاخۆ ڕابەرانی کوردایەتییەکەی خۆمان هیچ پلانێکیان هەیە بۆ دوور و نزیکی ئایندەی وڵات و خەڵکەکەی خۆیان؟ ئەگەر هەیانە بۆچی ماڵ و خانەقاکەی سەید ئەحمەدی خانەقا وای بەسەرهات؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×