کۆبونەوەی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی هەرێم‌و عێراق دەستیپێکرده‌وه‌
  2024-09-09       346       

کەمێک پێش ئێستا، کۆبونەوەی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی کوردستان‌و عێراقی فیدڕاڵ دەستیپێکرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ ناڕه‌سمییه‌كان هه‌ردولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتونن كه‌ یه‌كێكیان تایبه‌ته‌ به‌پرسی‌ موچە.

ئاوێنه‌: كۆبونه‌وه‌كه‌ بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یه‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ماوەی دو ڕۆژە کۆبونەوەکانی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق‌و هەرێمی کوردستان لەهەولێر بەردەوامن‌و بەگوێرەی زانیارییە ناڕه‌سمییه‌كان، هەردولا لەبارەی ژمارەیەک پرس گەیشتونەتە ڕێککەوتن‌و "لێکتێگەیشتنی باش"یش لەسەر ژمارەیەک پرسی دیکە هەیە.

بەپێی زانیارییەكان هەردولا لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتون:
 
- چارەسەرکردنی کێشەی موچەو دابینکردنی موچەی مانگی 8، بڕیارە سبەی تا کۆتایی هەفتە لیستی موچەی مانگی ئاب رەوانەی بەغدا بکرێت‌و بەغداش لەسەر هەمان ئه‌و لیسته‌ی وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی عێراق وردبینی‌ بۆ لیستی‌ موچه‌ی‌ مانگی 7 كردووه‌، موچەی مانگی 8 بنێرێت.
 
- لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێندرێت بۆ لابردنی بازگە گومرگییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بڕیارە لەهەفتەی داهاتوەوە دەست بەلابردنی هەموو بازگەکان بکرێت.
 
- دوای تێگەشتنی هەردولا لەسەر بابەتی باجی کۆمپانیاکان بڕیاردا کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش تەنها باج بەیەک حکومەت بدەن، تۆمارکردنی ناویان لەهەر حکومەتێک تۆمار بکرێت بەفەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئیدی نابێت دو باج بۆ دو حکومەت بمێنێت.
 
- کێشەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بەپڕۆژەکانی وەبەرهێنان و مۆڵەت چارەسەر بکرێت، بڕیاریش درا هەفتەی داهاتو شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغداد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×