وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراقی بڕیاریدا بە داخستنی مەرز و دەروازەکان بەروی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لەدەرەوەی عێراق بۆ ناو سنورەکانی عێراق کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و دەرفەتێکی زێرینە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم.
ئاوێنه: مانگی رابردو ئەنجومەنی وەزاری ئابوری حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاریدا لەکاتی بەڕێوەچونی مەراسیمەکانی یادی عاشورا بەرهەمەکانی (خەیار، تەماتە و پیاز، کولەکە و شوتی) هاوردەی عیراق بکرێت، کە ئەوەش پێچەوانەی ڕۆژمێری هاوبەش و پەسهندکراوی کشتوکاڵی بو، بوەهۆی زیانگەیاندن بە بەربومی ناوخۆی جووتیاران.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراقی بڕیاریدا بە داخستنی مەرز و دەروازەکان بەروی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لەدەرەوەی عێراق بۆ ناو سنورەکانی عێراق کە ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ و دەرفەتێکی زێرینە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم".
ئاماژهی بهوهشكردوه، بڕیارهكه لهسهر پێداگری وهزیری كشتوكاڵی ههرێم بوه كه لهبهرژهوهندی جوتیارانه و بە تایبەتی جوتیارانی ناوچەی پێنجوین، سیدەکان و دەشتەکانی هەولێر و دهۆک، کە لە ئێستادا بەرهەمەکانیان پێگەیشتوە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەبوە کێشەکانیان چارەسەرکراو و بەرهەمەکانی هەرێم دەچێتە بازاڕەکانی ناوەراست و خواروی عێراق.