كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دو كاندیدی دیكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دورخستنەوە.
ئاوێنە: ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، پاش تاوتوێکردنی یاداشتی نوسینگەی سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن و سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریانداوە دورخستنەوەی هەردو كاندید شێروان شێروان، لە رەوتی هەڵوێست لە پارێزگای هەولێر و شڤان سەعید، لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆک.
كۆمسیۆنەكە، هۆكاری دورخستنەوەی ئەو دو كاندیدەی بۆ سەرپێچیكردنی بڕگەی چوارەمی مادەی 21ی مەرجەکانی كاندیدبونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1ی ساڵی 1992، گەڕاندۆتەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق داواشی لە رەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێ کردوە لە ماوەی سێ رۆژدا لە پێڕاگەیاندنی بڕیارەکە، شوێنگرەوەی ئەو كاندیدانەیان دیاری بكەن.
لە بڕگەی چوارەمی مادەی 21ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا شەش مەرجی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردوە كە خۆیان كاندید دەكەن و ئەوانیش بریتین لەوە- هاووڵاتی کوردستانی عێراق بێت و نیشتەجێی بێت، شیاو بێت و گەیشتبێتە 25 ساڵ، خوێندن و نوسین بزانێت، بە جۆرە تاوانێک سزا نەدرابێت کە لە رەوەشت و ئادابی گشتی و دەستپاکی لایدابێت، بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزی حوکمی زیندانیکردن نەدرابێت و لەو تاوانانەدا بەشداریی نەکردبێت کە دەسەڵاتی (حکومەتی بەعس) لە کوردستاندا پلانی بۆ دانابێ یان ئەنجامی دابێت.