حیزب‌‌و رۆشنبیریی، چاودێر و ئاراس
  2024-09-07       453       

ئەحمەدی مەلا

تایبەت بە ئاوێنە

 

قسەی زۆر لەسەر ئەم دوو چەمکە کراوە. حیزب دەرهاویشتەیەکی مۆدێرنەیە، تەنها دوای ئاوابوونی دەسەڵاتی ئاینیی ئینجا دێتە کایەوە، حیزب ئەو کاتە لەدایکدەبێ کە تاک قسەی تایبەتی خۆی دەبێ لەسەر کۆمەڵگە. حیزب واتە ئەڵقەی نێوان تاک و کۆ.

رۆشنبیریی دنیایەکی فراوانە، دەشێ هەموو کایە ناسروشتییەکانی ژیان فڕێ بدرێتە ناو ئەو دەفرەوە، بەڵام وردتر، ئەویش دیسانەوە هەر دەرهاویشتەیەکی مۆدێرنەیە، واتە، منێکی جیاواز چۆن کۆی ململانێی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و کۆی دیاردەکانی دیکە هەڵدەسەنگێنم، تاوتوێیان دەکەم، لێیان تێدەگەم، دواجار رەخنەیان لێدەگرم و دایاندەڕێژمەوە. پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و تەنها لە ناو بەردەوامییدا پێناسەکانی مانایان دەبێت.

ئەم دوو چەمکە هەم تەواوکەرن، هەم ناکۆکن. حیزب پێویستیی بە رۆشنبیرییەکی فیکریی دەبێ تاکو روانگەی تایبەتی خۆی لەمەر دەسەڵاتەوە بەرجەستە بکات، لە کۆمەڵگە تێبگات، قۆناغەکانی بخوێنێتەوە، پێداویستییەکانی گەڵاڵە بکات، بەڵام تێگەیشتنی حیزب بۆ رۆشنبیریی وەک تێگەیشتنی رۆشنبیریی نییە بۆ حیزب. لێرەوە کێشەکان سەرهەڵدەدەن.

لێرەوە، تەنها لێرەوە، رۆڵی رۆشنبیر- ئەنتێلێجێنسیا، ئەنتێلێکتوال- ساغ دەبێتەوە. حیزب ئیش لەسەر قۆناغەکان دەکات، هەر ئەم قۆناغانەشن کە پیاوی حیزبی بەرهەمدەهێنێ و بەکاریدەهێنێ، دواجار کاری پێینەمێنێ فڕێی دەدات. کەچی رۆشنبیر کار لەسەر کایە رۆشنبیرییەکان لە ناو بەردوامیی دەکات، بە مانایەک لە ماناکان، لەسەرووی حیزبەوە کار دەکات، سوپرا-حیزبییە. مێژوو ئەو پانتاییەیە کە دەبێ رۆشنبیر ئیشی تیا کات، ئیشی لەسەر بکات.

تێگەیشتنی حیزب بۆ رۆشنبیریی، تێگەیشتنێکی مەنفەعییە، قازانجگەرایە، لە پەنجەرە تەسکەکەی دەسەڵاتەوە سەیری ئەم چەمکە دەکات، زۆرجار پێی دەگوترێت رۆشنبیریی ئۆرگانیکیی. واتە، رۆشنبیرێک لە شووشەی حیزبییە سەیری دنیا بکات، واتە رۆشنبیرانە قسەی حیزب دووبارە بکاتەوە. پەخشانی سیاسەت بکا بە شیعر، دنیا رەق و تەقەکەی حیزبیی ئاوەڕشێن بکات. ئەم بە ئۆرگانییبوونە مەترسییدارە ئەگەر بێت و گرێدراوی جەستەی حێزب بێت.

لەم دیدگەیەوە دەبێ لە داخستنی چاودێر و کۆی ئەو ئۆرگانە رۆشنبیرییانە بگەین کە لە ساتێکی دیارییکراودا لە بەر سێبەری حیزبدا گەشەیان کرد-بەلایەن کەم لە رووی داراییەوە- بۆیە دەبێ هەڵوێستەیەکی قووڵترمان بۆ ئەم دیاردە مەترسییدارە چاوەڕوانکراوە هەبێت.

دەبێ رۆشنبیریی و کۆی کایە رۆشنگەرییەکان بکرێن بە دامودەزگای دەوڵەت، دەوڵەت، لێرە مەبەستمان هەرێمە- واتە، هەم رزگارکردنی لەدەست حیزب کە ئەو کار بۆ قۆناغەکان دەکات، هەم رزگاکردنی لە کەسەکان، دیسانەوە ئەویش لە ژێر بەزەیی کات و تەمەندایە. بۆیە دەبێ رۆشنبیریی گوزارشت لە رۆحی بەردەوامیی نەتەوە بکات، واتە، بە ناو جەستەی مێژوودا تێپەڕێت، لە ناو دەیمومەدا بژێت. لێرەوە، داوە ئاڵۆزکاوەکانی حیزب و حکوومەتمان دەئاڵۆزکێنە سەروڕوومان. ئەم دیاردەیە لە هەرێم، دیاردەیەکی کوشندەیە، چونکە، هەم حیزبی پێ بچووک دەبێتەوە، هەم رۆحی رۆشنبیریی دەژاکێنێت. ( ئەگەر بێت و حیزب بە مانا مۆدێرنەکەی وجوودی هەبێت!)

ئەم بە دەزگاکردنە، کۆی کایەکانی دەوڵەتداریی دەگرێتەوە. واتە، رزگاکردنی لە شەخسەنە و پاککردنەوەی لە رەنگی حیزبایەتی. لە خۆرایی نییە هەموو حیزبێک خاوەن رەنگێکە! تەنانەت بەشێکی زۆری رۆشنبیران لە رەهەندی حیزبییەوە ئەم ئاڵوێرە دەکەن.

ئایا کۆکردنەوەی ئیمزا لە لایەن رۆشنبیرانەوە بۆ سەرکۆنەکردنی داخستنی چاودێر بێلایەنانە ئەنجام درا؟ ئایا هەمان ئەو کەسانە، کاتی خۆی، ئەم واژووانەیان بۆ داخستنی دەزگای ئاراس کرد؟ نەخێر.

دیاردەی داخستنی بە ناو دەزگای رۆشنبیریی لە هەرێم شتێکی زۆر ئاساییە، چونکە، کارەکتەرە رۆشنبیرییەکان، ئەگەر وابەستەی حیزب نەبن ئەمە چارەنووسیانە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە : چۆن رۆشنبیرییەک بنیاتبنێن لەسەر سێکوچکەکانی حیزب دروست نەبووبێت؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×