دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی دەستیان بەسەر بینای دەزگای چاودێردا گرت، دامەزراوەی دارایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، بارەگای چاودێر موڵكی یەكێتیییەو ئێستا لێپرسراوەكەی پەیوەندی بە حزبەكەیانەوە نەماوە بۆیە بارەگاكە وەرگیراوەتەوە.
ئاوێنە: دامەزراوەی دارایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بارەگای دامەزراوەی چاودێر کە موڵکی یەکێتییەو سەرجەم پێداویستییەکانی لەلایەن دامەزراوەی داراییەوە دابینکرابو کە ئێستا لێپرسراوەکەی پەیوەندی بە یەکێتییەوە نەماوە، وەرگیراوەتەوەو بەکاردەهێنرێت بۆ راپەڕاندنی ئەرکە رێکخراوەییەکان و شوێنەکە تەرخان دەکرێت بۆ دامەزراوەیەکی تر کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و گەشەپێدانی سلێمانی و خەڵکەکەی بکات."
ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر دەزگایەكی رۆشنبیریەو لەلایەن مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییەوە سەرپەرەشتی دەكرێت.
پێشتر هێزێكی ئەمنی چونە سەر بینای دەزگاكەو دەستیان بەسەردا گرت.
تاوەكو ئێستا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری دەزگاكە هیچ رونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە نەداوە.