لاهور شێخ جەنگی: ئەوانەی تازە بیریان دەکەوێتەوە 31ی ئاب خیانەت بو، ساڵانی رابردو لای ئەوان ئاب 30 رۆژ بو
  2024-08-31       1066       
لاهور شێخ جەنگی


لاهور شێخ جەنگی، سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل له‌ساڵیادی‌ 31ی‌ بابی‌ 1996دا ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ "خیانەتێکی مێژویی" وه‌سفده‌كات‌و ده‌شڵێت، "لەساڵانی ڕابردودا لەکاتێکدا ئێمەومانان دەمانویست خیانەتی 31ی ئاب وەک پەند لەبیرنەکرێت هەر ئەوانە بون بۆ راگرتنی دڵی پارتی‌و پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانیان‌و گیرفانیان، مانگی ئاب لای ئەوان 30 رۆژ بو."

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ لاهور شێخ جەنگی:


٣١ی ئاب خیانەتێکی مێژووییە و هەرگیز لەبیرناکرێت ئەوە راستییەکە بەر لەوەی حزبێک هەر ساڵە و بە نەفەس و جۆرێک یادی بکاتەوە، مێژوو لە زاکیرەی خۆیدا جێگیری کردووە. بەڵام یادکردنەوەی ئەو جۆرە برین و خیانەت و خۆکوژییە، دەبێت تەنها بۆ دەرس وەرگرتن بێت نەوەک بۆ کولاندنەوەی برینەکان و موزایەدەی پێش هەڵبژاردن.

ئەوانەی ئێستا هاتوون دوای ٢٨ ساڵ تازە بیریان دەکەوێتەوە کە ٣١ی ئاب خیانەت بوو، لەساڵانی ڕابردوودا لەکاتێکدا ئێمەومانان دەمانویست خیانەتی ٣١ی ئاب وەک پەند لەبیرنەکرێت هەر ئەوانە بوون بۆ راگرتنی دڵی پارتی، و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان و گیرفانیان، مانگی ئاب لای ئەوان ٣٠ رۆژ بوو..

لەئێستاشدا کە باروگوزەرانی گەلی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە وگەنجەکانمان لەوپەڕی بێ هیوایی ونائومێدیدان وفەرمانبەران وهێزەکانی پێشمەرگە وهێزەکانی ناوخۆ وخانەنشین وخاوەن پێداویستی تایبەتەکان ٦٠ ڕۆژە لەچاوەڕاونی پێدانی موچە زەوتکراوەکانیانن بۆ ئەوەی بتوانن تیکەیەک نان بخەنە سەر سفرەی ماڵ ومنداڵیان، کەچی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار زۆر نابەرپرسیارانە و دوور لە هەموو بەها و ئەتەکیەتێکی سیاسیی بەدروستکردنی سیناریۆ دەیانەوێت هەموو ئەم کێشانەی کەبەدەستی ئەوان خۆیان دروستکراوە، لەبیرخەڵکی بەرنەوە و جارێکی تر تۆوی ڕق و دووبەرەکی بەپارەی دزراوی خەڵک ئاو بدەنەوە.

لە رابردووی زۆر نزیکدا، ئەوانەی لەسەر حسابی یەکێتیی پلە و پۆست و پایەیان لە ناو حکومەت و دەزگا فەرمییەکانی هەرێم لە شاری هەولێر دا وەرگرت ، لەجیاتی خزمەتی هەولێرییەکان  و سارێژکردنی برینی دڵی ئەو خەڵکەی کە بە هۆی ٣١ ئابەوە زیانی بەرکەوت و قوربانیدا، هاتن سەرقاڵی بزنس و پارە و گیرفانی خۆیان و خێزانەکانیان بوون و ئێستاش وەک بانگەشەی هەڵبژاردن کە ڕێککەوتنی دولایەنەی پێشوەختی لەسەر کراوە، جارێکی تر گوتاری رق و گیانی دوبەرەکی دەچێنن، بێ ئاگا لەوەی لە ئاستە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەم گەمە سیاسیە قێزەونە کاریگەریەکانی لەسەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەمێنێت و هێندەی تر هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی رۆلەکانی گەلی کوردستان پەرت دەکات!.

وەک چۆن خیانەتی ٣١ ی ئاب  ئیدانە دەکەین بە هەمان نەفەس رێکەوتنی سەرەوەی حزبەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دژی یەکتری و بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و دوبەرەکی رەتدەکەینەوە و بە کارێکی قیزەونی دەزانین، ئەم ئاکارانە دوورن لە هەموو بەهایەکی کوردەواری و بەشێک نین لە زمانێکی سیاسیی راقی و باڵا کە خەمی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتبێت.

لاهور شێخ جەنگی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×