قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی سكرتاریەتی مام جەلال پێی وایە یەكێتی تەنیا هێزە لە توانایدایە ئەو گۆڕانكارییە دروست بكات كە خەڵكی كوردستان داوای دەكەن و دەشڵێت، یەكێتی بڕیاری داوە رێڕەوی حوكمڕانی راست بكاتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی سكرتاریەتی مام جەلال، لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەندی راپەڕینی یەكێتی كۆبوەوەو لە كۆبونەوەكەدا باسی دۆخی سیاسی هەرێم و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان كرا.
قوباد تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەدا هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانی بە "هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز" وەسف كرد "بۆ یەكێتی و بۆ داهاتوی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان."
قوباد تاڵەبانی وتی"لەم چەند ساڵەی دواییدا یەكێتی بە سەركردایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و بە هاوكاری هەمو سەركردایەتی و كادرانی یەكێتی سەلماندویەتی كە تەنیا هێزێكە كە لە توانایدایە ئەو گۆڕانكارییە دروست بكات كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوای دەكەن."
ئەوەشی وت""بەشێكی بەرچاوی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بەو قەناعەتە گەیشتون كە یەكێتی توانی هاوسەنگی هێز دروستبكاتەوە و بڕیاری داوە رێڕەوی حكومڕانی راست بكاتەوە."
بەقسەی قوباد تاڵەبانی"لەم هەڵبژادنەدا لیستی دەنگدەران پاك كراوەتەوە و هیچ لایەنێك ناتوانێت بەناوی مردوانەوە ساختەكاری بكات، هەربۆیە چاوەڕێین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و چاومان لە سەركەوتنێكی گەورەیە."
هەروەها وتیشی: "ئێستا جەماوەر و دۆست و تەنانەت نەیارانی یەكێتیش چاویان لەوەیە ئەو سەركەوتنانەی یەكێتی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە تۆماری كردوە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش لە ئاستێكی گەورەتردا دووبارەی بكاتەوە".