بەرپرسێكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق "لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوە و سبەی لە بەغدا کۆبونەوەیەكی گرنگ لەسەر پرسی موچە دەکرێت."
ئاوێنە: محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، كە لە كۆبونەوەكەدا بەشداربوە بە میدیای پارتی وت "ئەو هەواڵەی هەندیک کەناڵ باسی دەکەن کە کۆبونەوەی ئەمڕۆی دارایی هەرێم و فیدڕاڵ بێ ئەنجام بوە، بە پێچەوانەوە کۆبونەوەیەکی باش بو لێکتێگەیشتی زۆر باش کراوە."
ئاماژەی بەوەش دا "کۆبونەوەی ئەمڕۆی هەردو وەزارەت کە ئێمەشی تێدا بو، زیاتر هونەری بوە و تیایدا بابەتەکان خراوەتە ڕو، نەک بڕیاری پێ دەربکرێ."
بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: "کۆبونەوە سەرەکییەکە سبەی پێنجشەممە دەبێت کە شاندی هەردو وەزارەت و دیوانی چاودێریی دارایی بەسەرپەرشتی فواد حوسێن و تەیف سامی دەبێت."
دوێنێ دو تیمی وەزارەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا و لەسەر موچەی مانگی حەوت و هەشت لەگەڵ دارایی فیدراڵ گفتوگۆ دەکەن.
بەپێی میدیای پارتی تیمەکان پێکهاتون لە چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی و چەند بەرپرسێک، لەوانە بەڕێوەبەرانی گشتیی ژمێرکاریی بودجە و بەڕێوەبەری جوڵەی دراو، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکە.