وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ زانکۆ و دەمودەزگایەکی سەر بە وەزارەتەکە بۆی نییە بۆ هیچ مەبەستێک داوای کارتی دەنگدان لە مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکاران بکات.
ئاوێنه: بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کە بۆ سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، "لەپێناو پابەندبوون بە بنەما دەستووری، یاساییەکان و مافەکانی مرۆڤ، هیچ زانکۆ و دامودەزگای تری سەر بە وەزارەتەکە بۆ هیچ مەبەستێک رێگەپێدراو نییە داوای کارتی دەنگدان لە مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکارانی زانکۆکان بکات".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێچەوانەوە هەر ناوەندێکی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای کارتی دەنگدان بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.