ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایدهگهیهنێت كه بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی هەبووە، بەڵام کاری نەکردووە. دهشڵێت، "لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەهۆكاری ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێلو خەمڵاندنی زیانەکانی پێکهێنراوە".
ئاوێنه: شەوی ڕابردو ئاگر لەدوکانەکانی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر کەوتەوەو بەشێک لەدوکانەکان سوتان. ئێوارهی ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی بەسەرکردەوە.
پارێزگاری هەولێر وتی، "بازاڕەکە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی هەبووە، بەڵام کاری نەکردووە، لەوبارەیەشەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت سیستەمەکە بۆچی کاری نەکردووەو کەمتەرخەمیەکانیش دیاریدەکرێت".
وتیشی، "هیچ زیانێکی گیانی لەئاگرەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل نەبووەو دەستخۆشی لەسەرجەم تیمەکان دەکەین بەتایبەتی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، کە دەم و دەست گەیشتونە شوێنی ڕوداوەکەو توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕیگەیان نەداوە زیاتر تەشەنە بکات".
ئاماژەی بەوەشدا، هۆی ئاگر کەوتنەوەکە تا ئێستا دیار نییەو بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەهۆكاری ئاگر کەوتنەوەکەو خەمڵاندنی زیانەکانی پێکهێنراوەو دەست بەخاوێنکردنەوەی بازاڕەکە کراوە.
ههروهها دەستخۆشی لەهێزەکانی (پۆلیس، ئاسایش، تەندروستی و بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ) کرد کە دەستبەجێ گەیشتونە شوێنی ڕوداوەکەو کارەکانیان بەڕێک و پێکی ئەنجامداوە.