هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی لە ئاسمان و زەمینەوە هەشت چالاکییان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە، بە هۆیەوە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی و سێ درۆن لەناوبراون و دوو سهربازیش بریندارکراوە.
ئاوێنه: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری چالاکییەکانی گەریلاکانی ئازادیی لە دژی سوپای تورکیا و هێرشەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە خستەڕوو، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە، لە کاتژمێر ١٢:٤٧ خولەکی ٢٦ـی ئاب، یەکینەکانی شەهید ئاخین مووش لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە زاپ، چالاکییەکی ئاسمانییان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامداوە، بە هۆیەوە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لە جۆری تۆیۆتا لەناوبرا و داگیرکەرێک بریندارکرا.
هەپەگە باسی لەوەشکردووە، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، لە ٢٤ بۆ ٢٦ـی ئاب لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی جودی، ئامێدی، بەهار، حەوت چالاکییان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامداوە، بە هۆیەوە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو خرایە خوارەوە و دەست بەسەر تەقەمەنی داگیرکەراندا گیرا.
هەروها ڕاشیگەیاندووە، ٢٤ و ٢٥ـی ئاب تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخودانی گردی ئێف ئێم شەش جار و گردی جودی سێ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کران.
هەپەگە دەشڵێت: لە ٢٤، ٢٥ و ٢٦ـی ئاب، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی ١٠ جار هەرێمەکانی خواکورک، زاپ، گارە، مەتینای بۆردوومانکردووە، هەروەها بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومانی سەری مەتینا، دەرگەلێ و بێشیل لە هەرێمی مەتینا کردووە.