ڕێکخراوی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان لەباکوری سوریا لەنوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەهەڵکشانی ئاستی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیاو گروپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بەتورکیا لەعەفرینو ناوچەکانی دیکەی باکوری سوریا کردوە، دهشڵێت:"دۆخهكه بەشێوەیەکه تەنها لەسەرەتای ئەمساڵەوە 385 حاڵەتی ڕفاندن لەو ناوچانەدا تۆمارکراوە".
ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ دەڵێت:"دۆخی ناوچەی عەفرینو ناوچەکانی دیکە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیاو گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیادایە لەباکوری سوریا، بەهۆی پەرەسەندنی خێرای ئاستی توندوتیژییو تاوانکارییەکان بەردەوامە لەتێکچون، بەجۆرێک هەڵکوتانەسەر ماڵانو ڕفاندنی خەڵکی سڤیل، بەشێکە لەو پێشێلکارییانەی ڕۆژانە لەلایەن ئەو گروپانەوە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک ئەنجامدەدرێن".
هەروەک دەڵێت:"لەسەرەتای ساڵی 2024وە ژمارەی حاڵەتەکانی ڕفاندنو دەستبەسەرکردنی بەزۆرەملێ لەو ناوچانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، تەنها لەسەرەتای ئەمساڵەوە 385 حاڵەتی ڕفاندن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لەساڵی 2023دا 467 حاڵەتی ڕفاندن تۆمارکراوەو لەساڵی 2022 زیاتر لە720حاڵەت بوە، ئەم پێشێلکاریانە هەروەک پڕۆسەی ئەشکەنجەدانیش لەخۆدەگرێت کە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لەدەستگیرکراوەکان".
ئەوەش هاتوە، "بارودۆخی عەفرین دەریدەخات کە سیاسەتێکی سیستماتیک لەلایەن هێزەکانی تورکیاو گروپە چەکدارەکان پەیڕەودەکرێت کە دانیشتوانی کورد دەکەنە ئامانج، ئەویش لەڕێگەی تاڵانی ڕێکخراوو دەستبەسەرداگرتنی موڵکو ماڵو سەپاندنی باجو سەرانەی زۆرەملێ بەسەر دانیشتوانەکانییەوە، ئەمە جگە لەتەنگهەڵچنین بەژیانی ڕۆژانەیان".
ڕێکخراوەکە دەڵێت:"ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی مافی مرۆڤ لەعەفرین پێویستیی بەدەستێوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەیە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم کارو کردەوانە بهێنرێتو دەستەبەری ئەوەبکرێت بەرپرسانی ئەو دۆخە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".