موسەننا ئەمین: هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق دەیانەوێت كێشە بۆ بابەتی موچە دروست بكەن و تاوانبارن
  2024-08-26       370       

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێرق رایگەیاند، جێبەجێنەكردنی دادگای فیدراڵی تاوانەو لە پێ نەدانی موچەی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق تاوانباران و ئەگەر بێئومێد بون لە نەدانی موچە، ئەوا وەك فراكسیۆنی یەكگرتو، ئەو كێشەیە دەبەنەوە بەردەم دادگا.

ئاوێنە: موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی، بە میدیای حزبەكەی وت"دادگای فیدراڵی كێشەی موچەی چارەسەر كردوە، بەڵام هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەیانەوێت كێشە بۆ ئەم بابەتە دروست بكەن."

وتیشی"حكومەتی عێراق بە بیانوەو رەنگە لەژێر فشاری هەندێك لایەندا بێت كە ئەو لایەنانە كاتی خۆی بەشێك بون لە قەیرانە هەمیشەییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كە لایەنی دەسەڵاتداری نێو پێكهاتەی برایانی شیعەن كە ئەوانە تەبا نین لەگەڵ مافەكانی خەڵكی كوردستان و هەندێك پەرلەمانتاری پۆپۆلیست، رەنگە فشاری دیكەش هەبن."

وەك موسەننا ئەمین ئاماژەی پێدا "بڕیاری دادگای فیدراڵی هەردو حكومەتی پابەندكردوە بەتایبەت حكومەتی عێراق كە موچەی خەڵكی كوردستان بدات حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی پابەندكردوە كە تەوتینی موچە بكات و داتای تەواو و دروستی وردبینیكراو بداتە حكومەتی بەغدا، ئەم بابەتەش جیابكرێتەوە لە پابەندییە داراییەكانی نێوان هەردو حكومەت."

ئاماژەی بەوەشدا"تا مانگی شەشی ئەمساڵیش موچەكە تاڕادەیەك بە رێكوپێكی دراوە، سەرباری ئەوەشی كە لیستی موچە رەنگە وەك پێویست پاكسازی تێدا نەكرابێت بەتایبەت لیستە ئەمنییەكان، لەگەڵ ئەوەش حكومەتی عێراق پابەندی خۆی بەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی و بودجەی عێراق جێبەجێكردوە."

جەختیشی كردەوە "ئێمە كە خاوەنی بردنەوەی ئەو كەیسەین لە دادگای فیدراڵی، نابێت رێگە بدەین هیچ كەسێك ئەم دەسكەوتە لەبەین بەرێت كە لە ئێستادا هەردو حكومەت بەداخەوە لەژێر پرسیاری ئەوەدان كە بۆ دەیانەوێت خۆیان بدزنەوە لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بۆ دەیانەوێت كێشە بۆ ئەم بابەتە دروست بكەن."

ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتو وتیشی"ئێمە ئێستا جەخت لەوە دەكەینەوە كە كێشەی موچە چارەسەر بوە. بۆیە من ئەمڕۆ پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد وتیان، بڕیاری خەرجكردنی موچە و هەر داهاتێكی تر بەحەسری لە دەستی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی خۆیدایە، ئەگەر سودانی كێشە بۆ موچەی خەڵكی كوردستان دروست بكات، دەتوانین لەسەر ئەو بنەمایە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەین. بۆیە ناتوانێت چیتر موچە دوابخات، رەنگە فشاری لەسەر بێت بەڵام ئەو فشارانە بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نین."

ئەوەشی خستەڕو"هەر كێشەو بۆڵەیەكیان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم با بچن دەرگای دادگا بگرن لەدژی هەرێم. با بچن بەرپرسانی هەرێم بە تۆمەتی بەهەدەردان و بردنی سامانی گشتی بدەنە دادگا، بەڵام نابێت خەڵكی كوردستان برسی بكەن لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لیستی موچە بەباشی نانێرن."

لەبارەی ئەوەی ئایا پەنادەبەنە بەر دادگا لەوبارەیەوە موسەننا ئەمین وتی"ئێمە بەر لە پەنابردن بۆ دادگا دەبێت لەگەڵ سودانی كۆبونەوەیەك بكەین بزانین ئامانجی چیە لەم پێنەدان و دواخستنەی موچەو تاكەی دەیەوێت لەسەر ئەم ستەم و ناعەدالەتییە بەردەوام بێت، ئەگەر زانیمان ئومێدێك نییە لە رێگەی ئەوەوە چارەسەر بكرێت، ئەو كات پەنادەبەین بۆ دادگا بۆ ئەوەی بڕیاری تەنفیز بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وەربگرین."

جەختیشی كردەوە كە "بێگومان ئەوەی ئێستا دەكرێت بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێم تاوانە هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامی دەدەن بەتایبەت حكومەتی فیدراڵی كە دەتوانێت كێشەكانی لەگەڵ هەرێم بەبێ برسیكردنی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكات. هەر دو حكومەت تاوانباران لە نەدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا."

وتیشی"هەردو حكومەت ئەگەر لەگەڵ خەڵك راستگۆ بن ئەو كێشانەی كە هەن بە مانگێك چارەسەر دەكرێن، كە نایكەن دیارە نایانەوێت بۆیە ئێمە هەردوكیان بە تاوانبار دەزانین."

ئاماژەی بەوەشدا"جێبەجێ نەكردنی بڕیاری دادگا، دیارە كە تاوانە، ئەم تاوانەش دەبێت كەسێك هەبێت هەڵیگرێت، ئەم كەسە ئەبێ وەڵامی پێ بێت بۆ جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادگا، جا ئەوە حكومەتی هەرێم بێت یان حكومەتی عێراق."  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×