فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا ڕایگەیاند، دوای بەدواداچونیان، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندون رەزامەندی لەسەر ناردنی دو موچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکانی هەرێم داوە.
ئاوێنە: فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراویكدا وتی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی راگەیاندون كە لە ماوەی دو هەفتەدا موچەی مانگەکانی حەوت و هەشتی فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکانی هەرێم خەرجدەكرێت.
بەرلەوە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، كەمێك لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی گفتوگۆمان کرد و بڕیاری دا ئەمڕۆ تەوجیه بدات بەسەرفکردنی موچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتو مانگی 8 سەرف بکرێت."
دوابەدوای ئەوەش، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری تەمویلی موچەی مەدەنی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکردو 53 ملیار دیناری جیاوازی موچەی مانگەکانی پێشوی لە تەمویلی موچەی مانگی حەوت بڕیوە.