سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكە بڕیاریداوە بە خەرجكردنی گوژمەیەكی دیكە بۆ موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
ئاوێنە: بەپێی قسەی سەرچاوەكە، ئەو بڕەی بڕیاری خەرجكردنی دراوە زیاتر لە 34 ملیار دینارەو بۆ موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە لەم هەفتەیەدا موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی دیكەی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
بەرلەوە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی گفتوگۆمان کرد و بڕیاری دا ئەمڕۆ تەوجیه بدات بەسەرفکردنی موچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتوش مانگی 8 سەرف بکرێت."
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكرد كە لەبارەی بڕینی موچەی چەند توێژێك و هەروەها كێشەی ئەو موچەخۆرانەی بایۆمەترییان نەكردوە، دو پێشنیاری بۆ سەرۆك وەزیران سودانی كردون و ئەویش هەردو پێشنیارەكەی پەسەندكردون.
سەبارەت بە پێشنیارەكانی، شاخەوان عەبدوڵا وتی "لەبارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی ئیتحادی دروستی کردون بەبڕینی موچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک پێشنیارمان کرد؛ ئەوانەی دو جار ناویان هاتوە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لەهەرێم و موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیان هەیە، نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی کاری ئیتحادی بکرێت بۆ ئەوەی موچەیان ببڕێت، نەک بڕینی موچەکانیان کە سەربە حکومەتی هەرێمە."
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕو"هەروەها لەبارەی ئەوانەی بایومەتریان نەکردوە بە سەرۆک وەزیرانم راگەیاند ئەوەی بایومەتری نەکردوە مانای ئەوە نییە وجودی نییەو نابێت موچەکانیان ببڕن هاوشێوەی ئەوان لەحکومەتی ئیتحادیش هەیە و بایومەتریان نەکردوە، بۆ ئەو مەبەستە پێشنیارمان کرد گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی ئیتحادی و هەرێم کە دەبێت ئەو پرۆسەیە لەماوەی ئەوەندە مانگە تەواو بکرێت، بەپێچەوانەوە موچەکانیان ببڕن، نەک ئەوەی لەئێستاوە ببڕێت."
بەقسەی شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی هەردو پێشنیارەكەوە سودانی وتویەتی"هەردو پێشنیارم لاپەسەندەو کاری لەسەر دەکەین."