یەكگرتو: لە بەغداو هەرێم هەر كەس كەمتەرخەم بوبێت لەبارەی موچە، روبەڕوی یاسای دەكەینەوە
  2024-08-26       273       

نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، لەڕێگەی لیژنەیەكی حزبەكەیانەوە بۆ بەدواداچونی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری كێشەی موچەخۆران چڕدەكەنەوەو دەشڵێت، هەر كەس و لایەنێك لە عێراق یان لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بوبێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوبەڕوی یاسای دەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی، لە بارەگای تایبەتی خۆی لە سلێمانی پێشوازیكردوە لە لیژنەیەكی حزبەكەیان كە تایبەتە بە بەدواداچونی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

سەڵاحەدین بەهادین وتویەتی"پێویستە هەنگاوی نوێ بۆ چارەسەری موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگرینەبەر و لە هەوڵەكانمان بۆ چارەسەری ڕیشەیی بەردەوام بین.

بەپێی راگەیەندراوەكە "لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار درا لیژنەكە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ بەدواداچونی جدی بۆ چارەسەری كێشەی موچەخۆران و هەر كەس و لایەنێك لە عێراق یان لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بوبێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕوبەڕوی یاسا بكرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش شاندێك دەستبەكار دەبێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەكۆتایی دیدارەكەدا باس لە مەترسیەكانی دواخستنی موچە كراو جەختیش كرایەوە كە زەرەرمەندی یەكەم موچەخۆرانن بەتایبەتی و ئەوەی شایەنی سزادان بێت بەرپرسانی كەمتەرخەمن نەك هاوڵاتیان،  پێویستە هەولێر و بەغدا لەوە زیاتر سزای موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەدەن و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×