شاخەوان عەبدوڵا: سودانی بڕیاری دا موچەی دو مانگی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم خەرج بكرێت
  2024-08-26       464       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران قسەی كردوەو ناوبراو بڕیاریداوە موچەی دو مانگی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم خەرج بكرێت.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە وتی"پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی گفتوگۆمان کرد و بڕیاری دا ئەمڕۆ تەوجیه بدات بەسەرفکردنی موچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتو مانگی 8 سەرف بکرێت."

شاخەوان عەبدوڵا وتوشیەتی"لەبارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی ئیتحادی دروستی کردون بەبڕینی موچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک پێشنیارمان کرد؛ ئەوانەی دو جار ناویان هاتوە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لەهەرێم و موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیان هەیە، نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی کاری ئیتحادی بکرێت بۆ ئەوەی موچەیان ببڕێت، نەک بڕینی موچەکانیان کە سەربە حکومەتی هەرێمە."

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕو"هەروەها لەبارەی ئەوانەی بایومەتریان نەکردوە بە سەرۆک وەزیرانم راگەیاند ئەوەی بایومەتری نەکردوە مانای ئەوە نییە وجودی نییە و نابێت موچەکانیان ببڕن هاوشێوەی ئەوان لەحکومەتی ئیتحادیش هەیە و بایومەتریان نەکردوە، بۆ ئەو مەبەستە پێشنیارمان کرد گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی ئیتحادی و هەرێم کە دەبێت ئەو پرۆسەیە لەماوەی ئەوەندە مانگە تەواو بکرێت، بەپێچەوانەوە موچەکانیان ببڕن، نەک ئەوەی لەئێستاوە ببڕێت."

شاخەوان عەبدوڵا وتوشیەتی"باسیشمان لەوە کرد حکومەتی هەرێم لەو پرۆسەیە زۆر خێرایەو لەسەرەتای ساڵەوە لە کۆی 600 هەزار فەرمانبەر کە مابون و بایومەتریان نەکردبو ئیستا تەنیا 100 هەزار ماوەو پرۆسەکەش بەردەوامە، بەسوپاسەوە وتی، هەردو پێشنیارم لاپەسەندەو کاری لەسەر دەکەین."

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە "دڵنیابن هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە دەیخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمیزاجی شەخسی وەزیرێک یان کەسێک دەربکەین و بچێتە چوارچێوەی دامەزراوەی فەرمی هەردو حکومەت و یاسا بەرکارەکان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×