لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ یەكشەممە لە پەیامێكدا رایگەیاند، راپەڕین بەڕێوەیە، راپەڕینی هەڵبژاردن، بەڵێنتان پێ دەدەم دەتانگەیەنمە كەناری ئارام.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ لە كۆیە بو ز لە پەیامێكدا بۆ خەڵكی شارەكە، رایگەیاند"هەرگیز لە بەرپرسیارێتی رام نەكردوە، دوای ئەوەی كە بەسەرمدا هات هەر كەسێكی تر بوایە كوردستانی بەجێدەهێشت بەڵام من لەبەر ئێوە و لەبەر ئەو خەڵكە رەشوڕوتە، ئامادە نەبوم بەجێتان بھێڵم."
وتیشی"دەتانگەیەنمە كەناری ئارام، ئەوە وەعدێكەو پێتان دەدەم."
لاهور شێخ جەنگی وتیشی"زۆر بەداخم كە دوای 33 ساڵ حوكمڕانی ئەو دۆخی خەڵكەكەمان بێت، چاوەڕوانی هیمەتتان لێ دەكەم، راپەڕین بەڕێوەیە، راپەڕینی هەڵبژاردن بە دەنگەكانمان... ئەمجارە گۆڕانكاری دەكەین لە هەرێمی كوردستان و بەجدی دەبینەوە بە خزمەتكاری خەڵك."
بە بڕوای سەرۆكی بەرەی گەل "وای لێهاتوە لەم وڵاتە حوكمڕانی بۆتە كوێخایەتی بەسەر میللەتەكەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوژمنەكانمان تەراتێن دەكەن لەم وڵاتە، لەكاتێكدایە هەردو حزبی دەسەڵاتدار بونەتە خزمەتكاری وڵاتانی ناوچەكە و ئەجیندای ئەوان جێبەجێ دەكەن."
هەروەها وتیشی"پلەو پۆست لای من هیچ مانایەكی نییە، كەرامەتی خۆم بەهەمو موڵك و ماڵ و سەروەت و سامان و پۆستی دنیا ناگۆڕمەوە، لەبەر خاتری خەڵك لە كوردستان ماوم و پێشتان دەكەوم بۆ گۆڕانكاری."