سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوە، لەم چەند رۆژەی داهاتودا موچەی مانگی حەوتی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بە هێزە ئەمنییەكانیشەوە رەوانە دەكەن.
ئاوێنە: سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، بە كەناڵی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، قسەم لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كرد، ئەو باسی لەوە كرد كە هەمو كارەكانی ناردنی موچەی مانگی حەوت تەواو بوە لە وردبینی و رێكارەكان و بڕیاریش دراوە هەمو پارەكە بنێردرێت.
بەقسەی سروە عەبدولواحید، تەیف سامی وتوشیەتی، پارەی سێ شوێن نێردراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشو بوە لە بەغداو پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەبۆنەی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن، نەیانتوانیوە پارەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكەن.
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی، بەقسەی تەیف سامی هەمو رێكارەكان تەواوكراون و لەم چەند رۆژەی داهاتودا كە دەوام دەستی پێكردەوە موچەی هەمو موچەخۆرانی هەرێم بە هێزە ئەمنییەكانیشەوە دەنێردرێت.