رێواز فایەق: لە پێنج ساڵی رابردودا سەرۆكی حكومەت ئامادە نەبو ئیمزایەك بۆ دامەزراندنی وانەبێژان بكات
  2024-08-25       523       

رێواز فایەق، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندیان تەنیا پێویستیان بە ئیمزایەكی سەرۆكی حكومەت هەبو بەڵام لە پێنج ساڵی رابردودا ئامادە نەبو ئەو ئیمزایە بكات. دەشڵێت، ئێستاش ئەگەرچی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بێت گرنگ ئەوەیە کە کراوە و مامۆستایان لە دڵەڕاوکێ و نادیاری چارەنوسیان ڕزگاریان دەبێت.

ئاوینە: ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

رێواز فایەق، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا لە ژێر ناونیشانی "ڕاستی ئەگەر درەنگیش بێت هەر دەرەکەوێت" لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"پیرۆزبایی دامەزراندن لە هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان ئەکەم، پیرۆزبایی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەیان لێئەکەم."

سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وتوشیەتی"ئێستا، هیوادارم ئەو ڕاستییە ڕونبوبێتەوە کە مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندیان تەنیا پێویستیان بە واژۆیەکی سەرۆکی حکومەت هەبو کە لە پێنج ساڵی ڕابردو ئامادە نەبو بیکات - ئێستاش ئەگەرچی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بێت- گرنگ ئەوەیە کە کراوە و مامۆستایان لە دڵەڕاوکێ و نادیاری چارەنوسیان ڕزگاریان دەبێت."

بەقسەی رێواز فایەق "ئەوکات؛ کە بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەیان و پاراستنی حکومەت و چەواشەکردنی نوێنەرانی مامۆستایان و ڕایگشتی، بەرەو پەرلەمان ئاراستە ئەکران، ئێمە لە دانیشتنی فەرمی پەرلەمان ڕامانگەیاند: ( دامەزراندن لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەتە و دەبێت ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن و لەبەرئەوەی یاسای بودجەی گشتی نەهاتوەتە پەرلەمان ئەگەر هەر 111 پەرلەمانتارەکەش دەنگ بدات بە دامەزراندنیان تەنانەت یەک کەسیش دانامەزرێت)."

هەروەها وتوشیەتی"ئەوە ڕاستییەکە بو، ڕاستە زۆر تاڵ بو بۆ ئەوکات بەڵام لە درۆیەکی کاتی چێژبەخش زۆر باشتر بو، ئەوە ڕێگە دروستەکە بو، بەڵام هەزاران هەزار جنێۆ و قسەی ناشیرینمان لەسەر ئەو ڕاستی وتنە پێوترا، چەندین وتار و هەواڵ لەسەر ئەو ڕاستگۆییەمان ئامادەکرا، پەشیمان نەبوم، تەنانەت ئەوکاتیش بە نزیکەکانمم وت: (خوایەک هەیە، لەهەموان گەورەتر و بەدەسەڵاتتر و باڵاترە، ئەو دەبینێت کە بەندە تەنیا ڕاستییەکەم وتوە، بۆیە یەک ڕونکردنەوە نادەم، سەبر ئەگرم و چاوەڕێ ئەکەم خوای گەورە کە ئاگای لە هەمو شتە، ڕۆژێک ئەم ڕاستیە ئاشکرا بکات."

رێواز فایەق باسی لەوەش كردوە "هاوکات لە کۆبونەوەمان لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان، کە زیاتر لە سێ جار لەگەڵیان کۆبوینەوە، پێمان وتن: (تکایە ئاراستەی فشارەکانتان بگۆڕن بۆ سەر حکومەت، نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران تەنبا چەند مەترێکە، گردبونەوەکانتان ببەنە ئەوێ و دەرفەت مەدەن موزایەدەچییەکان داوا ڕەواکانتان بەلاڕێدا ببەن، دۆسیەی ئێوە واژۆیەکی سەرۆکی حکومەتی ئەوێت و  بڕۆن لەوێ فشار بکەن، هاندانتان و هاتنتان بۆ پەرلەمان بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر حکومەت و ئاراستەکردنی هەڵمەتی میدیاییە بەرەو پەرلەمان کە شوێنە ڕاستەکەی چارەسەرکردنی دۆسیەکەتان نیبە)."

ئاماژەی بەوەشداوە"سوپاس بۆ خوا دەرکەوت ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆمان ڕاستگۆ بوین، کات کەفیلە و خوای گەورە زۆر ڕاستی دیکەش لە زۆر دۆسیەی دیکە دەرەخات، و دڵنیاشم  یەک یەک بتەکان، پۆپۆلیستەکان، نوسەرەکانی دەربار، بەناو ڕۆژنامەوانە ئاراستەکراوەکان و ئەوانەشی پارەداریان دەکەن، دەکەون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرکەوتو بێت ئیرادەی هەمو ئەو چین و توێژانەی کە لێبڕاوانە خەباتی مەدەنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئەکەن. شەرمەزاریی بۆ ئەوانەی ئاراستەی ڕاستەقینەی داخوازییەکان بەلاڕێدا ئەبەن و چەواشەکاریان کردوەتە کەرەستەی شەرمهێنەری کارکردن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×